سەربازانی ئۆکرانی لە ئەڵمانیا راهێنانی بەکارهێنانی رادار و تۆپهاوێژ وەردەگرن

سوپای ئەمریکا دەستی بە مەشقپێکردنی سەربازانی ئۆکرانیا کرد
سوپای ئۆکرانیا
سوپای ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن)، جۆن کیربی، ئاشکرای کرد کە سوپای وڵاتەکەی لە ئەڵمانیا مەشقی چۆنییەتی بەکارهێنانی رادار و تۆپهاوێژ و چەند مەشقێکی دیکە بە یەکەکانی ئۆکرانیا، دەکات.

جۆن کیربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ مەشقپێکردنی سەربازانی ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە لە وڵاتی ئەڵمانیا دەستی پێ کرد".

گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن باسی لەوەش کرد کە ئەم مەشقانە لە کاتێکدان کە شەڕ لە هەرێمی دونباسی ئۆکرانیا، چڕ بووەتەوە و ماوەیەکی کەمیشە ئەمەریکا سیستمی رادار و تۆپهاوێژی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە، گوتیشی: "ئەم سیستمانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی خۆڕاگریی لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دژبە رووسیا".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، مەشقەکان بە هەماهەنگیی ئەڵمانیا و فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفریقا و ئەوروپا بەڕێوەدەچن. گرووپێک سەربازیی ئەمریکی کە لە 160 سەرباز پێکهاتوون و بەر لە دەستپێکی جەنگ لە ئۆکرانیا کشاونەوە، سەرپەرشتی مەشقەکان دەکەن.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی تێڕوانینیان بۆ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "باس لە لایەنی دەروونی ڤلادیمێر پوتن ناکەم. بەڵام سەختە هیچ کەسێکی خاوەن رەوشت پشتیوانی لەو کارانە بکات کە سوپای پوتن لە ئۆکرانیا کردوویانە. ئەستەمە بەتەماشاکردنی چەند وێنەیەک وا بیر بکرێتەوە کە بەباشی بیری کردووەتەوە. چونکە سەرکردەی پێگەیشتوو کاری لەو شێوەیە ناکات. هەربۆیە لەبارەی باری دەروونییەوە هیچ ناڵێم بەڵام پێموایە هەموومان دەتوانین لەبارەی بێڕەوشتی ئەوەوە بدوێین".

سەرچاوە: AA