زیلینسکی لە کاتژمێرەکانی سەرەتای جەنگدا چی کرد؟

"شتی لەوجۆرەمان تەنیا لە فیلمەکاندا بینی بوو"
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی

K24 - هەولێر:

گۆڤاری "تایمز"ـی ئەمەریکی هەوڵێکی "تیرۆرکردن یان دەستەبەسەرکردن"ـی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیای ئاشکرا کرد کە لە سەرەتاکانی دەستپێکی جەنگەکە لە 24ـی شوبات ئەنجام دراوە.

زیلینسکی لە دەستپێکی جەنگەوە بەجێهێشتنی کیێڤی رەت کردەوە و بڕیاریدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیەوە سەنگەری بەرگری دابنێت و بمێنێتەوە، لە کاتێکدا پایتەخت بەردەوام لەژێر بۆردومانی رووسیادا بوو.

دیمەنێکی ئەمڕۆی کیێڤ
دیمەنێکی کیێڤ

تایمز باسی لەوە کرد، کۆشکی سەرۆکایەتی هەمیشە شوێنێکی سەلامەت نەبووە بۆ سەرۆکی ئۆکرانیا.

زیلینسکی لە چاوپێکەوتنێکدا بە سایمۆن شۆستر، پەیامنێری تایمزی راگەیاند، "بیرمە کاتێک خۆم و هاوسەرەکەم، ئۆلینا لە بەرە بەیانی 24ـی شوبات کوڕ (17 ساڵ) و کچەکەمان (9 ساڵ) بەخەبەر هێنا، دەنگی زۆر بەرز دەهات، تەقینەوە هەبوو."

کاولکارییەکانی جەنگ لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ.. فۆتۆ: ئازاد ئاڵتون/ کوردستان24
کاولکارییەکانی جەنگ لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ.. فۆتۆ: ئازاد ئاڵتون/ کوردستان24

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەو شەوە سوپای ئۆکرانیا زیلینسکی ئاگادار دەکەنەوە کە چەند سەربازێکی رووسی بە مەبەستی "کوشتن یان دەستەبەسەرکردن"ـی خۆی و خێزانەکەی بە پەرەشووت لە کیێڤ دابەزیون.

بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکی ئۆکرانیا، ئەندرێ یرماک لەبارەی ئەو شەوە و رووداوەکانی دواتری، گوتی: "پێش ئەو شەوە، شتی لەوجۆرەمان تەنیا لە فیلمەکاندا بینی بوو."

شارۆچکەی بۆرۆدیانکا لە ئۆکرانیا، وێنە: Paula Bronstein
شارۆچکەی بۆرۆدیانکا لە ئۆکرانیا، وێنە: Paula Bronstein

بە فەرمانی پاسەوانی سەرۆکایەتی گشت دەرگاکانی ناوچەی نیشتەجێبوونی سەرۆکایەتی داخران، دەرگاکانی پشتەوە بە راگری ئاسن و تەختە داخران و هاتووچۆی شوێنەکە بەهۆی راگر و بازگە بەربڵاوەکان وەک مەتەڵێكی لێهات.

ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا

گۆڤارەکە لە زاری ئۆلیکسی ئاریستۆڤیتچ، بەرپرسی هەواڵگری سەربازی ئۆکرانیا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەو شەوە، هێزەکانی رووسیا دوو جار هەوڵیان داوە بچنە ناوچەی سەرۆکایەتی.

سەرەڕای نەبوونی زانیاری و ئەزموونی زۆر لەسەر بەکارهێنانی چەک، پاسەوانانی سەرۆکایەتی جلی گوللـەنەبڕ و چەك دەدەنە زیلینسکی و یاریدەدەرەکەی.

مووشەکێکی رووسی لە ئۆکرانیا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بەئامانج گرتووە
مووشەکێکی رووسی لە ئۆکرانیا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی بەئامانج گرتووە

هەرچەندە شەوی دواتر پاسەوانە تایبەتەکانی زیلینسکی پێیان باش بوو کە پێویستە ناوچەکە بەجێبهێڵێت و هەریەک لە بەریتانیا و ئەمەریکاش لە وڵاتەکەی خۆیان پارێزبەندیان پێشکەش کرد، بەڵام ئەو رەتی کردەوە کۆشکی سەرۆکایەتی بەجێبهێڵێت و لەوێوە یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی نارد.