UNHCR: فریای كۆچبه‌رانی نایاسایی بكه‌ون

"رێگه‌ به‌ قاچاخچییه‌كانی مرۆڤ مه‌ده‌ن یاری به‌ چاره‌نووسی كۆچبه‌ران بكه‌ن"
فریای كۆچبه‌رانی نایاسایی بكه‌ون
فریای كۆچبه‌رانی نایاسایی بكه‌ون

K24 - هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشكرای ده‌كات، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە هەوڵی پەڕینەوەدابوون بۆ ئەوروپا لە دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکان.

شابیا مانتۆ، گوتەبێژی کۆمیساریی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا بانگەوازی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی کرد، كه‌ پەلە بکەن له‌ به‌رگرتن لە خنكانی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی رێگەی ئاوی و شکانیی زۆر مەترسیدار دەگرنە بەر.

مانتۆ راشیگه‌یاند، ساڵی رابردوو زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە بەشی ناوەڕاست و خۆرئاوای دەریای ناوەڕاست و زەریای ئەتڵەسیدا خنکاون و بێ سەروشوێن بوون.

46465466
كۆچبه‌رانی نایاسایی

گوتەبێژی کۆمیساریی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پەنابەران روونیكرده‌وه‌، ساڵی رابردوو هەزار و 924 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ناوەڕاست و هەزار و 153ـی دیکە لە باکووری خۆرئاوای ئەفریقاوە بۆ دوورگەکان لەهەوڵی پەڕینەوەدابوون، خنکان و بێ سەروشوێن بوون.

ئه‌و گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "ساڵی 2020 ژمارەی ئەو پەنابەر و کۆچبەرانەی خنکاون و بێ سەروشوێن بوون هەزار و 544 کەس بوونه‌، بەداخەوە لە سێ مانگی رابردووی ئەمساڵیشدا 478 کەس لە دەریادا خنکاون و بێ سەروشوێن بوونه‌".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، زۆربەی رووداوەکانی خنکانی کۆچبەران لە دەریاکاندا بەهۆی زۆر هەڵگرتنی سەرنشینان و بەکارهێنانی بەلەمی کۆن و نەگونجاوەوە. هەروەها ده‌شڵێت: "بەشێکی زۆری بەلەمەکان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە نوقمی دەریا بوون".

بۆ پاراستنی پەنابەران و کۆچبەرانی نایاسایی و پێشگرتن لەو قاچاخچییانەی بازرگانی و یاری بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکەن، مانتۆ له‌م كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا بانگەوازی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی بە بڕی 164.5 ملیۆن دۆلار کرد.

لیبیا، تونس و مەغریب دەکەونە باکووری کیشوەری ئەفریقا لە سەرووی ئەو وڵاتانەوە دێن کە کۆچبەران بێ گوێدانە مەترسییەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی لێیەوە دەپەڕنەوە ئەوروپا.