"نیوه‌شه‌و بارانبارین ده‌ستپێده‌كات"

"خۆڵبارین هه‌ندێك ناوچه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌"
بارانبارين
بارانبارين

K24 – هه‌ولێر:

كه‌شناسی هه‌رێم ئاشكرای ده‌كات، بە گوێرەى تازەترین نەخشەکانى کەشوهەواى ئەمڕۆ 30ـی نیسان / ئه‌پرێڵی 2022، پێشبینى دەکرێت لە دوای نیوەشەو شەپۆلێکى نمەباران و هەورە تریشقەى پچڕ پچڕ روو له‌ ناوچەکانمان بكات.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، شەپۆلێکى نمەباران و هەورە تریشقەى پچڕ پچڕ روو له‌ ناوچەکانمان ده‌كات، سەرەتا لە رۆژئاواى هەرێمی كوردستانه‌وه‌ دەست پێدەکات پاشان بۆ رۆژی یەکشەممە دەگاتە هەموو ناوچەکانى هەرێم.

كه‌شناسی راشیگه‌یاند،  پێشبینى دەکرێ لە سنوورى پارێزگاكانی دهۆک، هەولێر و هەندێک ناوچەى گەرمیان لە کاتەکانى ئێوارەدا بارانى بەلێزمەى کورت خایەن ببارێت.

هه‌روه‌ها راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كه‌شناسی هه‌رێم روونیكرده‌وه‌، خێرایی با (15-20)کلم/ک دەبێت و هەندێ جار چالاک دەبێت بۆ 30کلم/ک، جیا له‌وه‌ش شەپولێکى خۆڵبارین ناوەڕاستى عێراق دەگرێتەوە وە ئەگەر هەیە کاریگەرى بە سووکى لەسە هەرێم هەبێت بە تایبەت ناوچەکانى گەرمیان و باشوورى هەرێم.

كه‌شناسی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، رۆژى دووشەممە ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە ناوچە شاخاویەکان و رۆژهەڵاتى هەرێمی كوردستان هەورى تەواو دەبێت لە گەڵ بارینى نمە بارانى ناو بەناو، له‌گه‌ڵ هەورە بروسکە.