بەهۆی کەسێکی گوماناوی مزگەوتێک لە گەرمیان چۆڵکرا

بە جلی ژنانەوە چووەتە ناو مزگەوت و گوتویەتی: خۆم دەتەقێنمەوە
بەردەم مزگەوتی فیردۆس لە کفری دوای رووداوەکە
بەردەم مزگەوتی فیردۆس لە کفری دوای رووداوەکە

K24 - گەرمیان

کەسێکی گوماناوی لە مزگەوتێکی قەزای کفری دەچێتە ژوورەوە و گوتویەتی "خۆم دەتەقێنمەوە" بەو هۆیەوە مزگەوتەکە چۆڵکراوە.

هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/5/2022، کاتێک خەڵکی سەرقاڵی نزا و پاڕانەوە بوون لە مزگەوتی فیرۆس-ی کفری، کەسێک بە جلی ژنانەوە چووەتە نێو بەشی ژنانی مزگەوتەکە و گوتویەتی خۆم دەتەقێنمەوە، بەو هۆیەوە دۆخەکە شێواوە و مزگەوتەکە چۆڵکراوە".

گوتیشی: "دوای رووداوەکە چەند مەفرەزەیەکی هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە".

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کفری، بە پەیامنێری کوردستان24ی گوتووە: "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە ئەو کەسە پیاوە و بە جلی ژنان چووەتە ناو مزگەوتەوە، لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو بابەتە دەکرێت".

بەشی ژنانی مزگەوتی فیرۆدۆس لە کفری
بەشی ژنانی مزگەوتی فیرۆدۆس لە کفری