داوای هەڵوەشاندنەوەی دوو وەزارەتی حکومەتی عێراق دەکرێت

"ئەو دوو وەزارەتە بە دەست هەژموونی سیاسیی و حزبایەتییەوە دەناڵێنن"
کۆبوونەوەی حکومەتی عێراق - ئەرشیف
کۆبوونەوەی حکومەتی عێراق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێک داوای هەڵوەشاندنەوە هەر دوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دەكات.

جەواد بۆلانی، پەرلەمانتاری عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "باشتر وایە هەر دوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەڵوەشێنرێنەوە، لە چوارچێوەی وەزارەتێکی سیادی یەکبخرێن یان بکرێنە دەستەیەکی نیشتمانی فیدراڵی، کە بەرپرسیار بێت لە بەدواداچوونی ئاسایشی خۆراک و فەرهەم کردنی داهاتە نانەوتییەکان، کە بەشێکە لە سەرچاوەکانی بودجە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەیداوە "ئەم دوو وەزارەتە لە پێنج کابینەی حکومەتەکانی پێشوو بە دەست هەژموونی سیاسیی و حزبایەتییەوە دەناڵێنن، گەندەڵیش بووەتە هۆکاری ئەوەی کەسانی شایستە لەو وەزارەتانەدا نەبن، هەر بۆیە پێویستە بەپەلە پێداچوونەوە بە پێکهاتەی وەزارەتەکانی دیکە بکرێت، چونکە ئەگەر بسەلمێنرێ لە رووی ئیدارییەوە سەرکەوتوونین و بێ داهاتن، ئەوا مانەوەیان لە پێکهاتەی حکومەتدا زیانەکان زیاتر دەکات".