کاڕڵ مارکس له‌نێو ده‌ستاڕی ئیسلامیسته‌کاندا

Kurd24

هونه‌ری پسیشۆئه‌نالیزه (تێبینیی. من ناڵێم سایکۆئه‌ناڵیتیک، چونکه مرۆڤ پێویست ناکات هه‌موو شت وه‌ربگێڕێت، به‌ڵکو ده‌بێت تێیبگات. خودی فرۆید دژ به وه‌رگێڕانی پسیشۆئه‌نالیزه بووه، نه‌ک ته‌نها ئه‌مه، به‌ڵکو چۆنیه‌تی ده‌ربڕینی چه‌مکه‌که‌ش له قسه‌کردندا، چونکه له ده‌ربڕیندا وه‌ک فرۆید ده‌ڵێ، پێویسته قورسایی له‌سه‌ر ده‌روون بێت بۆ ئه‌نالیزه‌کردن وه‌ک پسی شۆ ئه‌نالیزه).  پسیشه ده‌روونه، لێ کاتێک ده‌گوترێت پسیشۆ، واتا کێشه‌یه‌ک له ده‌رووندا هه‌یه. تاکه یه‌ک پیت (ۆ) کێشه ده‌خاته ده‌روونی تاکه‌وه. هونه‌ری پسیشۆئه‌نالیزه‌ش له‌وه‌دایه، که له وته‌ و ده‌ربڕیینی به‌رانبه‌ره‌که‌ت تێبگه‌یت و ئه‌نالیزه‌ی بکه‌یت. ئالێره‌دا تیشک ده‌خرێته سه‌ر پێوابوونه‌کانی تاک. تاک پێیوایه، که ئه‌مه و ئه‌وه‌ به‌مشێوه‌یه و به‌وشێوه‌یه‌یه و ده‌بێت وابێت و وابکرێت.  واتا له سه‌ره‌تای هه‌موو دواندنێکدا پێوابوونی تاک وه‌ک تیشکی خۆر ڕووناک دیاره. بۆ نموونه. ئێریش فۆرم، که له‌دوای فرۆید و یوونگ سێهه‌میین ڕه‌وتی پسیشۆئه‌نالیزه‌یه، ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که فڕۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده نه‌بوو، که خاوه‌نی قوتابخانه بێت وه‌ک فرۆید و یوونگ، لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لانیکه‌م له ئه‌مێریکا فڕۆم خاوه‌نی هێڵ و ڕه‌وتێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی. فڕۆم ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێ، له شوێنی کاره‌که‌ی، ده‌روونناسێکی هاوکاری هیچ ئاره‌زووی به فڕۆم نه‌ده‌هات و ڕقی لێی بوو. به‌یانییه‌ک ئه‌م ده‌روونناسه خۆی ده‌کات به هۆده‌یه‌کدا، که فڕۆم لێیه، ده‌روونناسه‌که چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد، که فڕۆم له‌م هۆده‌یه بێت، هه‌ربۆیه کاتێک دێته ژووره‌وه ته‌ماشایه‌کی فڕۆم ده‌کات و ده‌ڵێ، ماڵئاوا و ده‌چێته ده‌ره‌وه، له‌کاتێکدا ده‌بوایه بڵێت به‌یانییت باش. ئه‌مه واتای چیی؟ ئه‌مه به واتای ئه‌وه‌ی، که ئه‌م ده‌روونناسه خاوه‌نی پێوابوونێکی خراپ و نێگه‌تیڤه به‌رانبه‌ر به فڕۆم، که ئاماده نییه سڵاوێکیشی لێبکات، هه‌ربۆیه له‌بری به‌یانییت باش ده‌ڵێ، ماڵئاوا (خودا حافیز).

ئیسلامیسته‌کانی کوردستانیش هه‌ر له سه‌ره‌تای قسه‌کردنیانه‌وه پێوابوونه‌کانیان وه‌ک خۆر ڕووناکه. ئیسلامیسته‌کان ڕووخۆشییه‌کی تایبه‌تیان به‌رانبه‌ر به ئادۆڵف هیتله‌ر هه‌یه، چونکه پێیانوایه، که هیتله‌ر دژ به جووه‌کان بوو. له‌م یه‌کتردواندنه‌ی ئیسلامیسته‌کان و هیتله‌ردا لێکتێگه‌یشتنێکی قوڵ هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که هه‌ردووکیان دژ به جووه‌کانن. لێ له‌ ڕاستییدا، هیتله‌ر به‌ته‌نها دژ به جوو نه‌بوو، به‌ڵکوو دژ به ئه‌ڵمانیش و دژ به هه‌موو مرۆڤایه‌تیی بوو. ئیسلامیسته‌کانیش هاوشێوه‌ی نازیه‌ت و هیتله‌ر به ته‌نها دژ به جوو نین، به‌ڵکوو دژ به کورد خۆی و دژ به هه‌موو مرۆڤایه‌تیین. وه‌ک هه‌ر ئیسلامیستێکی تری جیهان. ئه‌مانه خه‌ڵکانێکی نێکرۆفیلیین و هێنده‌ی به نابه‌خته‌وه‌ریی و مه‌رگ و خوێن و ترس و تۆقاندن ئاسووده‌ن به خۆشویستنی ژیان و به‌خته‌وه‌ریی ئاسووده نین.

به گشتیی له جیهاندا خه‌ڵکانێکی زۆر که‌م هه‌ن، که له خودی کاڕڵ مارکس تێگه‌یشتبێتن، به خودی مارکیسسته‌کانیشه‌وه. مارکس خۆی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مارکسیست نه‌بوو. کاڕڵ مارکس له کاپیتاڵدا هێنده‌ی له خود و بووندا قووڵده‌بێته‌وه، هێنده له‌وه‌دا قوڵ نه‌بۆته‌وه، که دژ به سه‌رمایه بێت، به‌ڵکوو، ئه‌و خاوه‌نی شیکردنه‌وه و ئه‌نالیزه‌یه‌کی قوڵی فه‌لسه‌فییانه‌یه له‌سه‌ر خود، که تاک و کۆ له سیستێمێکی سه‌رمایه‌دارییدا خود له‌کیس ده‌ده‌ن و ده‌بن به شتێکی تر. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، وێڕای ئه‌وه‌ی، که خود وه‌ک ڕێگا و ڕه‌وتی ژیان له ژیان و به‌خته‌وه‌رییدا خه‌رج بکرێت، تاک و کۆ دێن له بووندا خه‌رجی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش دیسان به واتای ئه‌وه‌ی، که تاک له ڕێگای کار و سه‌رمایه‌وه ده‌یه‌وێت ببێت به یه‌کێکی تر وه‌ک ئه‌وان. یه‌کێکی پاره‌دار، یه‌کێکی که‌شخه، یه‌کێکی خاوه‌ن ماڵ، یه‌کێکی بۆرژوا، یه‌کێکی سه‌رمایه‌دار و هه‌موو ئه‌و یه‌کانه‌ی تری، که له کۆمه‌ڵدا ده‌رده‌که‌ون.

کێشه‌ی مارکس له‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌دا له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، که مرۆڤایه‌تیی خودی خۆی له بووندا له‌کیسده‌دات، که مرۆڤایه‌تیی خودێتیی له هه‌بووندا له‌کیسده‌دات. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیده لێره‌دا بکوردێنین، ئه‌وا ده‌بێته، هه‌تبێت وه‌ک له‌وه‌ی خۆت بیت. مارکس فێرمان ناکات، که چلۆن ده‌وڵه‌مه‌ند بین، به‌ڵکوو پیشانمان ده‌دات، که چلۆن له سیستێمێکی سه‌رمایه‌دارییدا خودێتیی له‌کیسده‌ده‌ین. به گشتیی له جیهاندا و له کۆمه‌ڵگای کوردییشدا به‌تایبه‌تیی له‌گه‌ڵ مارکسدا ئه‌وه‌یه، که تاک نازانێت، که بیرکردنه‌وه‌کانی کاڕڵ مارکس هه‌ر بۆ خۆی جۆرێکه له تێڕوانینێکی ئایینیی، لێ له ڕه‌وشێکی ئه‌قڵانییدا هاوشێوه‌ی بووددا. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که کاڕڵ مارکس خۆی دژه‌به‌رێکی سه‌رسه‌ختی ئایین بوو، چونکه ئایین له ڕێگای هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێکی خه‌وشییه‌وه خودێتیی له تاک زه‌وت ده‌کات و ده‌یکات به بوونێکی تر، که ئه‌و ده‌یه‌وێت. ئه‌ویش بوونێکی گوێڕایه‌ڵی پراکتیزه‌که‌ره.

له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتییمدا له‌ژێر کاریگه‌رێتیی خێزان و ده‌وروبه‌ردا، خۆم به که‌سێکی مارکسیی ده‌زانی، به‌بێئه‌وه‌ی یه‌ک دێڕی مارکسم خوێندبێته‌وه. دایکم شیوعی بوو، باوکم شیوعی بوو، برا گه‌وره، خوشکه گه‌وره شیوعی بوون، لێ هیچ کام له‌مانه هیچ شتێکیان له ئه‌لف و بێی مارکس نه‌ده‌زانی. هه‌موو ئه‌مانه ئیمڕۆ له خوا ترس و نوێژکه‌ر و ڕوو له ده‌رگای خوان. دیاره خێزانی من تاکه خێزان نییه، به‌ڵکوو ئیمڕۆ به‌شێکی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه شیوعییه‌کان ئیسلامیین، به‌شێکیان هه‌تا سنوری تووندڕه‌ویی. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه بۆچیی؟ ئه‌گه‌ر له جێگای کاڕڵ مارکس وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، ئه‌وا ده‌ڵێم، که ئه‌مانه هه‌رگیز خۆیان نه‌بوون و هه‌میشه بوون به بوونێک. هه‌رگیز خاوه‌نی خود نه‌بوون، به‌ڵکوو هه‌میشه ئاماده‌‌‌بوون بۆ بوون به بوونێکی تر بوون.

سیاسه‌ت هه‌رگیز نه‌یتوانی یارمه‌تیی من بدات بۆ تێگه‌یشتن له کاڕڵ مارکس، به‌تایبه‌ت له کۆمه‌ڵگای کوردییدا. دواجار خوێندن سه‌ره‌‌تایه‌کی دا به من بۆ نزیکبوونه‌وه له مارکس، ئه‌ویش له ڕێگای خوێندنی فه‌لسه‌فه‌وه، لێ دیسان ئه‌مه‌ش نه‌گه‌یشته ڕاستیی تێگه‌یشتن. دواجار ده‌روونناسیی ڕووناکییه‌کی خسته ناو تێزه‌کانی کاڕڵ مارکسه‌وه. لێره‌دا ده‌توانم بڵێم، ته‌نها به چاویلکه‌یه‌کی ده‌روونناسییه‌وه ده‌توانین کاڕڵ مارکس ببینین. به‌شێکی دیاری ده‌روونناسه‌کانی بواری پسیشۆئه‌نالیزه ئه‌م ڕاستییه ده‌زانن، چونکه ئه‌وان په‌رده‌یه‌یان له‌سه‌ر ڕووی کاڕڵ مارکس هه‌ڵدایه‌وه. ئێرش فڕۆم یه‌کێکه له‌و پسیشۆئه‌نالیکه‌رانه‌ی، که به چاویلکه‌یه‌کی ئه‌نالیزانه‌وه کاڕڵ مارکسی دیوه.

په‌یوه‌ندیی نێوان ئایین و مارکس یاخوود مارکسیزم:

کاڕڵ مارکس فه‌یله‌سووفێکی به‌دبه‌خت بوو، که له هه‌موو لایه‌که‌‌وه دژایه‌تیی ده‌کرا. دژایه‌تیی ده‌کرا، چونکه له ناوه‌ڕۆکی بیرکردنه‌وه‌کانی تێنه‌ده‌گه‌یشتن. کۆمۆنیست و سۆسیال دیموکراته‌کان چاره‌یان نه‌ده‌ویست، کریست و ئیسلامییه‌کان چاره‌یان نه‌ده‌ویست، چونکه تێینه‌ده‌گه‌یشتن. تێڕوانینی کۆمۆنیسته‌کان و سۆسیال دیموکراته‌کان، که کرێکاران بتوانن هاوشێوه‌ی هه‌موو هاووڵاتییه‌کی خانه‌دان بژیین. ئه‌مه‌ش به واتای هاووڵاتییبوون و ژیانێکی باڵا بۆ هه‌موو. ئه‌م دیده، دیدێکی ستالینیانه‌یه نه‌ک مارکسییانه. مارکس ڕه‌خنه‌گر بوو، مارکس دژه‌به‌ر بوو. ڕه‌خنه‌گری نرخی هاووڵاتیی بوو. کاڕڵ مارکس پێیوایه، که هاووڵاتییان دیلی سیستێمێکی سه‌رمایه‌داریین. مارکس به ته‌نها چاوی له‌سه‌ر کرێکاران نه‌بوو، به‌ڵکوو به گشتیی ته‌ماشای هه‌موو هاووڵاتییانی ده‌کرد. کرێکاران بۆ مارکس گووناحتریینی ناو هاووڵاتییه گووناحه‌کان بوون. هه‌نووکه دوای ئه‌م هه‌موو ساڵه، ته‌ماشای ژیانی هاووڵاتییان بکه له سیستێمێکی سه‌رمایه‌دارییدا، له‌مپه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌نده‌وه بۆ ئه‌وپه‌ڕی هه‌ژار، هه‌موو پێکڕا دیلن، وه‌ک باڵنده‌ی ناو قه‌فه‌زێک، که بوون به‌وه‌ی داوایان لێکراوه، ده‌بن به‌وه‌ی که داوایان لێده‌کرێت. ئامانجی کاڕڵ مارکس به گشتیی گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بووه بۆ چه‌ق، نه‌ک به ته‌نها کرێکاران. ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ به ناوی کرێکارانه‌وه سیاسه‌ت ده‌کات و خۆی ناوناوه مارکسیست، هیچ نییه بێجگه له گوێڕایه‌ڵێکی ستالینیی، هیچ نییه بێجگه له ستالینیستێک.

با ئیسلامیسته‌کان و مارکسیسته‌کان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ کتێبه‌که‌ی کاڕڵ مارکس (Das Kapital) ئه‌گه‌ر به زمانی ئۆرگیناڵ، ئه‌ڵمانیی بێت، ئه‌وا باشتر، ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وا ده‌بێت له سه‌دا سه‌د وه‌رگێڕانێکی پرۆفیشیۆناڵی له سه‌دا سه‌د ڕاست بێت. له‌م کتێبه نایابه‌دا، له کاپیتڵی سێهه‌مدا، که قسه له‌سه‌ر پاره و سوڕی کاڵا ده‌کات، به وردیی ده‌بینین، که کاڕڵ مارکس تێڕوانینێکی هاوشێوه‌ی بووددای بۆ مرۆڤایه‌تیی و ئاگایی و تێگه‌یشتن هه‌یه. ساده‌تریین نموونه کڕین و فرۆشتن. لێره‌د مارکس تیشک ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، که ئه‌وه شمه‌ک نیه به پاره پارسه‌نگ ده‌کرێت، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه پاره به شمه‌ک پارسه‌نگ ده‌کرێت. ده‌ربڕینی نرخ له شمه‌کدا هه‌میشه پابه‌نده به پاره‌وه، وه‌ک نرخی زێڕ، که له نرخی فۆڕمی پاره‌دا قووتده‌کرێته‌وه. به گشتیی مارکسی له‌م کاپتڵه‌دا پیشانی مرۆڤی ده‌دات، که تاکه ئامانج له ژیانیاندا، که خاوه‌نی نرخ بێت، بریتییه له ئامانجی خود له ژیاندا، نه‌ک که بگه‌یت به شتێک یان به ده‌ستی بهێنیت. ئه‌مه‌ش به واتای به‌خته‌وه‌رییه له ژیاندا. چونکه ده‌شێت تۆ بگه‌یت به‌وه‌ی، که ببیته سه‌رۆکی وڵاتێک به‌بێئه‌وه‌ی ڕێگاکانی ژیانی خۆت بژییت، ده‌شێت ببیته گه‌وره‌تریین سه‌رمایه‌داری جیهان و به‌بێئه‌وه‌ی ڕێگاکانی ژیانی خۆت بژییت. ئیمڕۆ پرسیار بکه، چه‌ند گه‌وره سه‌رمایه‌دار و چه‌ند گه‌وره سه‌رۆک له جیهاندا به‌خته‌وه‌رن؟

ڕیالیتێت له ژیانی مرۆڤدا به‌شێوه‌یه‌کی دراماتیکیی دووره له خودی مرۆڤ خۆیه‌وه، هه‌ربۆیه جارێک سیستێمێکی سه‌رمایه‌داریی دێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕیالیتێت بداته‌وه ده‌ستی مرۆڤ و تێیدا بژیین، جارێکیش ئایین. کاڕڵ مارکس ده‌یه‌وێت، که مرۆڤایه‌تیی به‌ئاگابێت له ڕیالیتێتی ژیانی مرۆڤ خۆی، که بریتییه له خۆشه‌ویستیی، ڕاستیی، زیندوێتیی و نرخه ناوه‌ندییه‌کانی ناو خودی مرۆڤ خۆی. ئه‌مه‌ش به واتای خودبوون نه‌ک هه‌بوون. ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌ئاگابێت له‌م نرخانه‌ی خودێتیی له ژیاندا، ئه‌وا پێویستی به‌هیچ ئایینێک نییه، که بێت ڕیالیتێتێکی دروستکراوی بۆ به‌رجه‌سته‌ بکات. تووندوتیژیی ماتریاڵیی و تووندوتیژیی ئایینیی هیچ جیاوازییه‌کیان نییه، هه‌ردووکیان خودبوون له مرۆڤ ده‌ستێننه‌وه و ده‌یکه‌ن به هه‌بووگه‌رێک، ئینجا مرۆڤ ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌ی هه‌بێت یان باوه‌ڕێکی ئایینیی هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت.

کاڕڵ مارکس خوودبوونی هه‌ڵبژارد، هه‌روه‌کوو چلۆن زیدهارتا گاوتاما بڕیاریدا، که به‌ ئاگا بێت، که له خه‌و هه‌ڵبستێت. ئه‌م به ئاگاهاتنه‌ش کردی به بووددا. بوودداش به‌ واتای، ئه‌وه‌ی، که به‌ ئاگاهاتووه. کاڕڵ مارکس دوای ڕێگاکانی ژیانی خۆی که‌وت، که هه‌موو ته‌مه‌نی له‌پێناویدا خه‌رج کرد. هه‌روه‌کوو چلۆن بووددا هه‌موو ژیانی خۆی له‌پێناوی خودبوونی خۆیدا خه‌رج کرد. خوێندنه‌وه‌ی مارکس و تێگه‌یشتن له مارکس له خوودبوونی خۆت نزیکت ده‌کاته‌وه و به‌ ئاگا دێیت له‌وه‌ی، که چی له ژیان و جیهاندا ده‌گوزه‌رێت. هه‌روه‌کوو چلۆن نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا، گۆرانیی ئه‌ڵمانه‌کانی هاینڕیش هۆفمان فۆن فاله‌رسلێبنیان هه‌تککرد، ئاوهاش سیاسییه‌کانی جیهان، به‌تایبه‌ت ڕووسه‌کان فه‌لسه‌فه‌کانی کاڕڵ مارکسیان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی سیاسیی و ده‌سته‌ڵاتدا هه‌تککرد.

ماوه‌ته‌وه بڵێم، ئه‌گه‌ر کاڕڵ مارکس ئه‌و شانسه‌ی هه‌بوایه، که له ئه‌ڵمانیادا بمایه‌ته‌وه و ئه‌و پلانه‌ی، که داینابوو بۆ ژیانی، که ژیانی له زانکۆ و خوێندندا خه‌رج بکات، ئه‌وا ده‌شا ئیمڕۆ مارکس بووددایه‌کی مۆدێرن بوایه. به‌ڵام چالاکیی سیاسیی وه‌های له مارکس کرد، که هه‌ڵبێت بۆ به‌ریتانیا و له له‌نده‌ندا به‌شێکی گه‌وره‌ی ژیانی له کتێبخانه‌کانی ماڵی پاشادا به‌سه‌ر به‌رێت. له‌دوای مه‌رگیشی جیهان بوو به خاوه‌نی مارکسیزم، که هه‌رگیز پلانی مارکس خۆی نه‌بوو.

01.05.2022