سبه‌ی لە زۆربەی وڵاتانى ناوچه‌كه "بەبێ سنوردارکردن" نوێژی جەژن ئەنجام دەدرێت
K24 - هه‌ولێر:
ئەمساڵ بەبێ سنوردارکردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوه، نوێژی جەژن لە زۆربەی وڵاتان ئەنجام دەدرێن.
ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆڵی توركی رایگه‌یاند، سه‌باره‌ت به نوێژی جەژنی رەمەزانەوە لایەنە پەیوەندارەکانی هەریەک لە سعوودیە، کوه‌یت، قەتەر، بەحره‌ین، میسر، ئیمارات، فەلەستین، عێراق، لیبیا، لوبنان، سودان، تونس و عومان راگەیەندراویان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی کاروباری ئایینی سعوودیە رایگه‌یاندووه، دوای هەڵگرتنی رێكاره‌كانی تایبه‌ت بە کۆرۆناوە، نوێژی جه‌ژن لە مزگەوت و گۆڕەپانەکان ئەنجام دەدرێت.
هەروەها وەزارەتی کاروباری ئیسلامی کوێت، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی قەتەر و فەرمانگەی وەقفەکانی بەحرێن رایانگەیاندووە، نوێژی جەژن لە مزگەوت و گۆڕەپانەکاندا ئەنجام دەدرێت.
وەزارەتی ئەوقافی میسر بڕیاریداوە نوێژی جه‌ژن لە مزگەوتە گەورەکانی ئەو وڵاتە ئەنجام بدرێت، جیا له‌وه‌ش ئیمارات بڕیاری داوە بە بەکارهێنانی ماسك و رەچاوکردنی دووری نێوانی نوێژخوێنه‌كان، نوێژی جه‌ژن ئەنجام بدرێت.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەڵەستین، عێراق، لیبیا، لوبنان و سودانیش رایانگه‌یاند، بەبێ سنوردارکردن، نوێژی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز لە مزگەوتەکان ئەنجام دەدرێت.
ئیبراهیم ئەلشائیبی، وەزیری کاروباری ئایینی تونس، رایگه‌یاند، نوێژی جه‌ژن لە مزگەوتەکان ئەنجام دەدرێت.
لە عومانیش لە کاتێکدا نوێژی جەژن و جەژنە پیرۆزە لە گۆڕەپانەکان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا قەدەغە کرابوو، وەرگرتنی ڤاکسین کراوەتە مەرج بۆ بەشداریکردن لە نوێژی جەژندا.
له هه‌رێمی كوردستانیش رێكاره‌كانی تایبه‌ت به داخستنی مزگه‌وته‌كان و قه‌ده‌غه‌كردنی نوێژی به كۆمه‌ڵ هه‌ڵگیراون، سبه‌ی دووشه‌ممه 2ـی ئایار / مایۆی 2022 مه‌راسیمی نوێژی جه‌ژن له ته‌واوی مزگه‌وته‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوه بە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی رێگەگرتن لە بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای کۆرۆنا، نوێژی جەژن لە زۆربه‌ی وڵاتان بە شێوەیەکی سنوردار ئەنجام دەدرا، لەگەڵ کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتا جیهانییه، بە قۆناغ ژیان ئاسایی بووەتەوە خه‌ڵك روو له مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ