خەڵکی بۆکان دژی لکاندنی قەرەگۆلن بە میاندواو
K24 - ههولێر:
نوێنەری بۆکان لە پەرلەمانی ئێران لە نامەیەکدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە داوای کرد جیاکردنەوەی گوندی قەرەگۆل لە بۆکان و لکاندنی بە شاری میاندواو پەسند نەکات.
ئەنوەر حەبیبزادە نوێنەری شاری بۆکان لە پەرلەمان ئێران لە نامەکەیدا بۆ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە باس لە لێکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابوورییەکانی ئەو داوایە لە ئەگەری پەسندکردنی دەکات.
وەک لە نامەکەی حەبیبزادەدا هاتووە، ئەنجوومەنی شار و گوندەکانی بۆکان، پیاوماقووڵان و کەسایەتییە ئایینەییەکان بە تەواوی دژی ئەو داوایەن.
پێشتر نوێنەری شاری میاندواو داوای کردبوو گوندی قەرەگۆل لە سنووری ئیداری بۆکان جیا بکرێتەوە و بخرێتە سەر سنووری ئیداری میاندواو.
قەرەگۆل کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن، 30 کیلۆمەتر لە ناوەندی میاندواو (زۆرینەی دانیشتووانی تورکن) و هەشت کیلۆمەتر لە شارەدێی سیمینەی سەر بە بۆکان دوورە.
حەبیبزادە دەڵێ بە هۆی جیاوازی نەتەوەیی، فەرهەنگی و ئایینی قەرەگۆل لەگەڵ دانیشتووانی میاندواو "ئەو کارە پێکدادانی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی و سیاسی لێ دەکەوێتەوە".
قەرەگۆل دەکەوێتە نێوان شارەکانی بۆکان و میاندواو و لە رووی کشتوکاڵییەوە زۆر گرنگە، زەوی بە پیت و بەرەکەتی هەیە و بە هۆی بوونی گۆلێکی گەورەش، بووتە ناوەندێکی گەشتیاریی ناوچەکە.