حه‌سه‌ن جه‌باری: پارێزگاری سلێمانی و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و یه‌كێتی به‌رپرسن له‌و ره‌وشه‌ی له سلێمانی درووستبووه

K24 – هه‌ولێر:
حه‌سه‌ن جه‌باری، چاودێری سیاسی له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و ره‌وشه‌ی له سلێمانی هاتووه‌ته ئاراوه به پله‌ی یه‌كه‌م به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی پارێزگار و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.
حه‌سه‌ن جه‌باری وتی: ئیراده‌یه‌كی سیاسیی هه‌یه بۆ هاڕینی خه‌ڵكی سلێمانی و ئه‌وانه‌ی له شاره‌كه ده‌سه‌ڵاتدارن به‌زه‌ییان به خانه‌نشینانی شاره‌كه‌دا نایه‌ته‌وه، ره‌وشه‌كه گه‌یشتووه‌ته ئاستێك كه چیدیكه به‌رگه‌ی ناگیرێت.
وتیشی: هاووڵاتیان ده‌پرسن بۆ له دهۆك و هه‌ولێر وا نییه، ئه‌مه‌ی رووده‌دات به‌رپرسیارێتی پارێزگاره و پێویسته ئه‌و پێش هه‌موو كه‌س بێته ده‌نگ و قسه بكات.
روونیشیكرده‌وه، له هه‌ولێر رووداوێك رووده‌دات، پارێزگار خۆی سه‌روكاری ده‌كات و ده‌چێت به ده‌م خه‌ڵكه‌وه، به‌ڵام بۆ له سلێمانی وا نییه، ئه‌گه‌ر ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتم نییه، با پارێزگاری سلێمانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بكات و راستییه‌كان بخاته‌ڕوو و ویژدانی خۆی ئاسووده بكات.
هه‌روه‌ها وتی: پارێزگاری سلێمانی وه‌ك پێویست نییه و ئه‌م ره‌وشه‌ی هاتووه‌ته ئاراوه هۆكاره‌كه‌ی بۆ پێداگری لایه‌نێكه بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ پارتی و به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆك كۆمار.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، حه‌سه‌ن جه‌باری گله‌یی له حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی كرد و وتی: خه‌ڵك گوێ له چاودێری سیاسی و كه‌سی تر ناگرێت، خه‌ڵك گوێ له حكومه‌ت ده‌گرێت، بۆچی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مه روون ناكاته‌وه و له هیچ كوێیه‌كی دنیا نه‌بووه، وه‌زیری دارایی بتۆرێت. له بری ئه‌وه‌ی به ژماره و زانیاری ورد روونكردنه‌وه بدات و راستییه‌كان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكات، كه ئه‌وه‌ی رووده‌دات یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌كه لێی به‌رپرسیاره.