راگەیەندراوێك لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانه‌وه‌

ئه‌و شوێنه‌ به‌ وردی ده‌ستنیشان ده‌كات، كه‌ مووشه‌كه‌كانی لێوه‌ ئاراسته‌ی قه‌زای خه‌بات كراون
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی سه‌ر سنووری قه‌زای خه‌بات، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و داوای لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدراڵی كرد، ئەو ناوچەیە مووشه‌كه‌كانی لێوه‌ ئاراسته‌ كراوه‌، کە بووەتە پەناگە و شوێنی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، لەو تیرۆریست و چەتانە پاك بکرێته‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان:

وا بۆ چەندین جارە لە شوێنێکی دیاری سنووری شارۆچکەی حەمدانیە، کە دەکەوێتە نێوان بارەگای فەوجی مەغاویری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و بارەگای چەکدارانی عەسائب لە بەرتەلە و بارەگای لیوای 30ی حەشدی شەبەك، لە لایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکان هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.

ئەو شوێنانە لەژێر کونترۆڵی هێزەکانی حکومەتی فیدراڵین و دوور نین لە بارەگا جێگیرەکانی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی فیدراڵی.

داوا لە سەرۆکوەزیران و حکوومەتی فیدراڵی دەکەین ئەو ناوچەیە کە بووەتە پەناگە و شوێنی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لەو تیرۆریست و چەتانە پاك بکەنەوە و ئارامی و سەقامگیری دەستەبەر بکەن.

بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیروریستییانە و باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە.

لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەماهەنگی دەکەین بو رووبەڕووبوونەوەیان و کوتاییهێنان بەم کردارە تێکدەرانە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

1/5/2022