کەسوکاری کوژراوەکان: بکوژەکە لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتیەوە داڵدە دراوە

"ئێمە ئەو بەرپرسەش بە بکوژ دەزانین کە داڵدەی تاوانبارەکەی داوە"
شوێنی رووداوەكە و وێنەی دوو لە کوژراوەکان
شوێنی رووداوەكە و وێنەی دوو لە کوژراوەکان

K24 - هەولێر:

لە شارۆچکەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کەسێک ‌هەڵدەکوێتە سەر ماڵی خەزووری و چوار کەسی خێزانەکەی کوشت، کەسوکاری کوژراوەکانیش رایانگەیاند، بکوژەکە لەلایەن بەرپرسێکی یەکێتیەوە داڵدە دراوە.

کەسوکاری کوژراوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، "دوو خوشک و برایەک و برازایەکمان کوژراوە، دوو کەسی دیکەشمان بریندارن، دوای ئەم تاوانەش بکوژەکە تەقەی لە ماڵی برایەکی دیکەمان کردوە، بەڵام کەس بریندار نەبووە، ئەم پیاوە تاوانبارە بەپێی ماددەی 406."

باسیان لەوەش کرد کە، تاوانبارەکە لەلایەن رەمەزان دێکۆنی، ئامر لیوای سێی بەرگری فریاکەوتن کە بەرپرسێکی ئەو سنوورەیە داڵدە دراوە و تا ئێستا تەسلیم نەکراوە، هەروەها بکوژەکە خۆی نەقیبە لە بەرگری فریاکەوتن لە وەزارەتی ناوخۆ."

لەبارەی تاوانبارەکەوە ئاماژەیان بەوەدا، چەندین جار لە دادگا و لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان کردوە، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.

کەسوکاری کوژراوەکان راشیانگەیاند، "ئێمە ئەو بەرپرسەش بە بکوژ دەزانین کە داڵدەی تاوانبارەکەی داوە، چونکە بە داڵدەدانی ئەو کێشەکە دروست بووە."

سەبارەت بە خێزانەکە و پێشینەی تاوانەکانی بکوژکە، گوتیان: "ئەو خێزانە پێنج منداڵیان هەیە و نزیکەی شەش مانگە نێوانیان تێكچووە، بکوژەکە پێشتر باوەژن و خوشکەزایەکی خۆی کوشتووە، هەروەها لە تاسڵجە کەسێکی دیکەی کوشتووە."