موسڵمانه‌ ئۆكرانییه‌كان نوێژی جه‌ژنیان ئه‌نجامدا

"کەس بەو رەوشە دڵخۆش نییە"
موسڵمانه‌ ئۆكرانییه‌كان نوێژی جه‌ژنیان ئه‌نجامدا
موسڵمانه‌ ئۆكرانییه‌كان نوێژی جه‌ژنیان ئه‌نجامدا

K24- هه‌ولێر:

لە 24ـی شوباتەوە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردووە و هێشتا بەردەوامە، موسڵمانانی ئۆکرانیا نوێژی جەژنیان لە مزگەوتی ناوەندی کولتووری ئیسلامی لە کیێڤی پایتەخت ئەنجامدا.

سەیران ئاریفۆڤ، سەرۆکی کۆنگرەی موسڵمانانی ئۆکرانیا، لەبارەی گرنگی جەژنەوە گوتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا راگەیاند،"جەنگ هێشتا بەردەوامە و بەم هۆیەوە چەندین موسڵمان لەسەر ماڵوحاڵی خۆیان ئاوارە و دەربەدەر بوون، ژمارەیەکیان چوونەتە ناوچەکانی دیکەی ئۆکرانیا و ژمارەیەکیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات، هیوادارین تەواوی مسوڵمانان بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ئۆکرانیادا بکێشێت".

هه‌روه‌ها ئاریفۆڤ راشیگه‌یاند، ئەم جەنگە پەیوەندی بە موسڵمانانی ئۆکرانیاوە هه‌یه‌، پێویستە کەس بێلایەن نەبێت، دەبێت موسڵمانان ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن بۆ ساڕێژکردنی برینی ئۆکرانییەکان".

سەیفوڵڵا راشیدۆڤ، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی حکوومیی ئیزمایل لە ئۆکرانیا له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، "به‌هیواین هاتنەوەی جەژنی رەمەزان ببێتە مایەی خێر و خۆشی".

عەلی ئاسادی، هاووڵاتییەکی ئۆکرانییە و بە رەچەڵەک فەڵەستینییە رایگەیاند، خۆشحاڵە بە هاتنەوەی جەژنی رەمەزان و گوتی: "دەمانەوێت چی زووە جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت، کەس بەو رەوشە دڵخۆش نییە".

سه‌رچاوه‌: AA