عەمار حەکیم: مەترسی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق هەیە

K24 – هەولێر
سەرۆکی رەوتی حیکمە رایدەگەیەنێت، مەترسی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی عێراق هەیە و رەنگە دۆخەکە ئاڵۆزتر بێت.
عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی جەژن لە بەغدا رایگەیاند: "ئەو ئاڵۆزیانەی ئێستا لە عێراق هەن رەنگە زیاتر ببن، پرۆسەی شکاندنی لایەنەکان خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و ئامانجەکانی بەمشێوەیە بەدی نایەن، بەڵکو تەنها کێشەکان زیاتر دەکات".
گوتیشی: "مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە، کە چاوەڕێی چارەسەری دەرەکی بکرێت، مەترسییەکی گەورەیە و دەرئەنجامی زۆر خراپی لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق دەبێت، تەنانەت کاریگەری لەسەر دەستوور و یاساش دەبێت، بۆیە دەبێ ئێمە راشکاوانە هەموو پێشێلکارییەکان سەرکۆنە بکەین و هەموو زیانگەیاندنێک بە بەرژەوەندی خەڵک رەتبکەینەوە، لەوانە پێکنەهێنانی حکومەت، ئەمە دەری دەخات کێشەیەکی گەورە لە سیستمی سیاسی عێراقدا هەیە، چۆن دەبێ هەڵبژاردن بۆ خەڵک ببێت بە کێشە؟ لە جیاتی گێرانەوە متمانە بۆ خەڵک، جارێکی دیکە هەمان هەڵەکانی رابردوو دووبارە دەبنەوە، کە ئەمە درز لەنێوان حکومەت و هاووڵاتییان زیاتر دەکات".
عەمار حەکیم، ئاماژەی بەوەشکرد: "تادێت توڕەیی گەنجان لە سیستمی سیاسی عێراق زیاتر دەبێت و ئاسایشی وڵات رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە، جگە لەو ئاستەنگانەی هەن ئاستەنگی دیکەش بەڕێگەوەن، ئەم چەقبەستوویە کێشەکان زیاتر دەکات و تەنگەژەکان زیاتر دەکات".