تاڵیبان پێدانی مۆڵەتی شۆفێری بە ژنان قەدەغە کرد

"بەشێوەی زارەکی ئاگادارکراوینەتەوە کە مۆڵەتی شۆفێری نەدەینە ژنان"
ژنێکی ئەفغانی، ساڵی 2015، وێنە: AFP
ژنێکی ئەفغانی، ساڵی 2015، وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

بەرپرسانی تاڵیبان لە شارە گەورە و قەرەباڵغەکاندا داوایان لە راهێنەران و نوسینگەکانی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری کردووە، چیتر مۆڵەتی شۆفێری نەدەنە ژنان.

سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی ئەفغانی کۆمەڵگەیەکی داخراوە بەتایبەتیش دوای ئەوەی تاڵیبان حوکمی وڵاتەکەی گرتە دەست، بەڵام بینینی شۆفێری ژن تا ئێستا لە شارەکاندا دیمەنێکی ئاسایی بووە.

جان ئاغا ئاچاکزای، بەرپرسی نوسینگەی رێکخستنی هاتووچۆ لە شاری هیرات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "بەشێوەی زارەکی ئاگادارکراوینەتەوە کە مۆڵەتی شۆفێری نەدەینە ژنان، بەڵام راستەوخۆ فەرمانمان پێنەکراوە کە شۆفێریکردنی ژنان لە شارەکەدا بوەستێنین."

عادیلە عادل (29 ساڵ)، فێرکاری شۆفێری کە خاوەنی نووسینگەی فێربوون و راهێنانی شۆفێریە گوتی: "تاڵیبان دەیەوێت دڵنیا ببێتەوە لەوەی، نەوەی داهاتوو ئەو هەل و دەرفەتانەیان نابێت کە دایکیان هەیانبووە."

گوتیشی: "پێمانگوتراوە وانەی فێرکردنی شۆفێری و مۆڵەتی شۆفێرییان نەدەینێ."

شەیما وەفا، ژنێکی ئەفغانییە و لەو بارەیەوە باسی لەوە کرد، "من بە تایبەتی بە پاسەوانێکی تاڵیبانم وت، کاتێک لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆمدام زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم، وەک لەوکاتەی بە تەکسی هاتووچۆ دەکەم."