ئانچیلۆتی پێش رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی مان سیتی بڕیارێكی قورسی دا

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید
كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید

یانه‌ی ریال مه‌درید دوایین مه‌شق و راهێنانه‌كانی بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی مان سیتی به‌بێ داڤید ئالابا و هازارد و ئیسكۆ و گاریس به‌یل ئه‌نجام دا، ریال مەدرید دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا سبه‌ی بە ورەیەکی بەرزەوە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی مان سیتی دەکات، یاریزانانی ریال مەدرید دەیانەوێت سێ رۆژ دوای ئاهەنگگێڕانیان بەبۆنەی بەدەستهێنانی 35ـه‌مین نازناوی لالیگا بلیتێکی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنن.

دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا، هاندەرانی ریال مەدرید چاویان لە کەریم بێنزێما و ڤینیسیۆس جۆنیۆرە نازناوی چامپیۆنزلیگیان بۆ بەدەست بهێنێت، کە بێنزێما بە ١٤ گۆڵ پێشەنگی گۆڵکاران و ڤینیسیۆسیش بە ٦ ئەسیست دووەم گۆڵدروستکاری ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگن.

ئەنچیلۆتی: له‌م یارییه‌ ریمۆنتادا قورسه‌

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید له‌ پرێس كۆنفراسێكدا رایگه‌یاند كه‌ نابێت له‌و یارییه‌ به‌شێوازی به‌رگری یاری بكه‌ین، گوتیشی: ئه‌گه‌ر ته‌نیا بیر له‌به‌رگری بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا هێرشبه‌رانی مان سیتی ده‌مانكووژن.

ئانچیلۆتی ده‌ڵێت: ئەگەر لەم یارییە بە تەواوەتی بەرگری بکەین ئەوان ٩٩ شووت ئاڕاستەی گۆڵمان ده‌كه‌ن، بۆیە پێویستە لەم جۆرە یارییانە کەمێک سەرکێشی بکەین، گەڕانەوەی کاسیمێرۆ لەم یارییە بۆ ئێمە زۆر گرنگ دەبێت و لە رووی بەرگرییەوە سوودی دەبێت، ئالابا بۆ یارییەکە ئامادە نابێت، ناچۆ ئەزموونی هەیە و دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییە دەکات، مێژوو کاریگەریی لەسەر ئەم جۆرە یارییە نابێت، ڤینیسیۆس ئێستا زیاتر پێگەیشتووە و لە بڕیاردان دواناکەوێت و خێرا بڕیار دەدات، کەریم بێنزێماش زیاتر زیاتر وەکو سەرکردەیەک پێگەیشتووە.

ئانچیلۆتی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاشكرای كرد كه‌ له‌ دوای كۆتایی هاتنی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید وازهێنانی له‌ راهێنه‌رایه‌تیكردن راده‌گه‌یه‌نێت و خۆی خانه‌نشین ده‌كات.

مۆدریچ: ده‌توانین ریمۆنتادا به‌سه‌ر مان سیتی دا بكه‌ین

لوكا مۆدریچ ناوه‌راستكاری كرواتی یانه‌ی ریال مه‌درید به‌شداریی پرێس كۆنفرانسێك كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان متمانه‌یان به‌خۆیان هه‌یه‌ له‌و یارییه‌دا ریمۆنتادا به‌سه‌ر مان سیتی دا بكه‌ن.

مۆدریچ گوتی: لە ژووری جلگۆڕین کەشێکی لەبار هەیە و دەزانین پێویستە چی بکەین، ئێمە تەواو بۆ ئەم یارییە ئامادەین و یارییەکە گرنگترین یاریی ئەم وەرزەمان دەبێت، لە یاریی چوون ئێمە زۆرباش یاریمان نەکرد، بەڵام سێ گۆڵمان کرد، ئێمە لە یاریگای خۆمان بە ئامادەبوونی هاندەران خۆمان بەدەستەوە نادەین، ئەم یاریزانانەی ئێستا چوارجار نازناوی چامپیۆنزلیگمان بەدەستهێناوە و دەتوانین بۆ جاری پێنجەم بگەینە یاریی کۆتایی.

ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ سێ جار لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی مانچێستەر سیتی کردووە، دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوایین یاریشدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە سیتیزنس دۆڕا، مێرێنگی دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە مان سیتی بکاتەوە کە وەرزی ٢٠١٩/٢٠٢٠ لە قۆناخی ١٦ لەسەر دەستی یانە ئینگلیزییەکە کرایە دەرەوە و لە چوون و گەڕانەوە تووشی دۆڕان بوو.