لە ئاستی جیهاندا بۆ ئازادی راگەیاندن ئێران و عێراق لە پلەی هەرە خراپدان

K24- واشنتن:
رۆژی سێشەممە، ریکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، بۆ ریزبەندی ئازادی رۆژنامەگەری لە جیهاندا، ئاشکرایکرد لە 180 وڵاتدا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی سەبارەت بەم بابەتە کردووە.
بە گوێرهی راپۆرتەکەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، نهروێژ، دانمارک و سوێد، 3 وڵاتی سکاندناڤی لە رۆژئاوای ئهوروپا، لە رووی ئازادی رۆژنامەگەری لە پلەی یەکەمدان.
هەر لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە بارودۆخی رۆژنامەگەری لە 28 وڵاتی دیکەی جیهان و لە نێوایاندا، وڵاتانی ئێران و عێراق زۆر خراپە.
راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، هەلومەرجی ئازادی رۆژنامەگەری لە وڵاتانی عێراق، سوریا، بێلاڕووس، ئازەربایجان، رووسیا، ئەفغانستان، پاکستان، کوهیت، ڤەنزوێلا، عەرەبستانی سعوودی، میسر، یەمەن، چین و میانمار بە "زۆر خراپ" پێناسە دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ساڵی رابردووی ئەو رێکخراوە جیهانیە، ئێران لە پلەی 174ی ریزبەندییەکەدا بووە، بەڵام ئەمساڵ ریزبەندی ئێران 4 پلە دابەزیووە.
بۆ وێنە ئێران لە کۆی ئەو 180 وڵاتەی رێکخراوەکە بۆ ئازادی بەیان و رەوشی رۆژنامەوانان لێکۆڵینەوەی لێکردوون، لە پلەی 178مین وڵاتدا جێدەگرێ.
راپۆرتی رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە وڵاتی چین بە بەند کردنی 127 رۆژنامەوان، ئێران بە گرتنی 24 رۆژنامەوان، پلەی یەکەم و دووهەمیان هەیە و ئەو دوو وڵاتە گەورەترین بەندیخانەی رۆژنامەوانانن لە جیهاندا.
رێکخراوەکە سەبارەت بە دۆخی رۆژنامەوانان لە تورکیا ئاماژهی پێكردووه، ئەو وڵاتە لە پلەی 149هەمین دایە و رایگهیاند، "لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی هەڵبژاردنی 2023ی تورکیا، ئەردۆغان هێرشەکانی خۆی بۆ سەر رۆژنامەنووسان زۆرتر کردووە تاوهكو سەرنجی خەڵکەکەی لەسەر قەیرانی ئابووری و نەمانی دیموکراسی لە وڵاتدا بەلاریدا بەرێت.''
هەروەها عێراق لە پلەی 172 دایە و بەم پێییە دۆخی رۆژنامەوانان لەو وڵاتە لەوپەڕی خراپیدایە، لەم بارەیهوه لەو راپۆرتەكهدا هاتووە: ''رۆژنامەنووسان لە نێوان تیرۆر، ناسەقامگیری سیاسیی و خۆپیشاندانی جەماوەری رووبەڕووی هەموو جۆرێکی هەڕەشەیهك دەبنەوە، حکومەتی لاوازی عێراقیش ناتوانێ ئەرکی پاراستنی رۆژنامەوانان جێبەجێ بکات.''
هەر سەبارەت بەم باسە، رێکخراوەکە جهختی لهوه كردهوه، سووریا لە پلەی 171دا جێدەگرێ و لە درێژەدا هاتووە:"سووریا پتر لە 10 ساڵە تووشی شەڕی نێوخۆیی هاتووە، رۆژنامەوانان بۆیان نییە بچنە چەند ناوچەیەک، رژێمی بەشار ئەسەد میدیا و رۆژنامەوانەکان وەکوو ئامراز بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای بەعس بهكار دههێنێت. رۆژنامەنووسانی سووریا رووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن، رفاندن، ئەشکەنجە و کووشتن دەبنەوە، هەر بۆیەش زۆربەیان ناچار بوون وڵاتەکەیان بەجێبهێڵین و روو لە تورکیا و وڵاتانی دیکە بکەن.''
رێکخراوی جیهانی پەیامنێرانی بێ سنوور (RSF)، ساڵی 1985 لە فەرانسا دامەزراوە، بەپێی مادەی 19ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەرگری لە ئازادی راگەیاندن لە هەموو جیهان دەکات.