نرخی گەنم بەرز دەبێتەوە

نرخی گەنم بە رێژەی نزیکەی %46 بەرزبووەتەوە
گەنم
گەنم

K24 - هەولێر

گەنمی رووسیا کە لە دەریای رەشەوە هەناردەی دەکات بە رێژەی 45.9% بۆ 394 دۆلار بۆ هەر تۆنێک بەرزبووەوە، ئەو بەرزبوونەوەیەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی گەنم لە بۆرسەکانی جیهان دەبێت گرانبوونی نرخی ئارد و نان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لە لایەکی دیکەشەوە نرخی رۆنی فولی سۆیای ئەرجەنتینی بە رێژەی 53.61% بۆ بەرزترین ئاستی 12 مانگی رابردووی بەرزبووەوە و نرخی هەر تۆنێکی گەیشتووەتە 1864 دۆلار، هەرەوەها نرخی رۆنی گولەبەڕۆژەش بە رێژەی 28.75% بەرزبووەتەوە.

بە گوێرەی خەملاندنەکانی سەکۆی ئێس ئاند بی گڵۆباڵ کۆمۆدیتی ئینسایتس، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە تایبەت عومان و لوبنان و میسر و لیبیا و تونس رووبەڕووی هەڕەشەی جددی دەبنەوە، چونکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتیان بە هاوردەی گەنمی رووسیا و ئۆکرانیا بەستووە.

بە گوێرەی داتاکان، میسر لە سەدا 50% دانەوێڵە و %75 گەنم پشت بە رووسیا و ئۆکرانیا دەبەستێت، هەروەها لوبنانیش بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە هاوردەی گەنمی رووسیا و ئۆکرانیا بەستووە، هاوکات دوای قەیرانی ئابووری لە 2019 و تەقینەوە بەندەری بەیرووت لە 2020 یەدەگی دانەوێڵەی وڵاتەکە وێران بووە.