گەشتیارێک لە دەریاچەی دوکان خنکا

منداڵەکەی لە مردن رزگار کرد و خۆی خنکا
دەریاچەی دوکان - ئەرشیف
دەریاچەی دوکان - ئەرشیف

K24 – هەولێر

گەشتیارێکی بە رەگەز عەرەب لە دەریاچەی دوکان منداڵەکەی لەناو ئاو رزگار کرد و خۆی خنکا.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا ژنێکی بەرەگەز عەرەبی دانیشتونی شاری کوت، کە بۆ گەشت لەگەڵ خێزانەکەی هاتبووە دوکان، کەوتووەتە ناو ئاوی دەرچەی دوکان و خنکا".

ئاماژەی بەوەشدا: "دوای رووداوەکە تەرمەکەی لەلایەن کارمەندێکی پۆلیسی دوکانەوە دەرهێنێراوەو گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی دوکان، کاری یاسای بۆ ئەنجام دەدرێت و رەوانەی پزیشکی دادوەری سلێمانی دەکرێت".

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەو گەشتیارەی خنکاوە بەرەگەز عەرەبە، منداڵەکەی کەوتە ناو دەریاچەی دوکانەوە و ئەویش لە تاو لەدەستدانی منداڵەکەی خۆی هەڵداوەتە ناو ئاوەکە بۆ رزگارکردنی، منداڵەکەی رزگارکردووە، بەڵام خۆی خنکا".

گوتیشی: "ژنەکە ناوی (فاتمە جاسم)ەو تەمەنی 40 ساڵە، تەرمەکەی دەبرێتە پەیمانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمساڵ ئەمە یەکەم حاڵەتی خنکانی گەشتیارانە لە دەریاچەی دوکان.