راوێژکاری کازمی: زیادەی داهاتی نەوت بۆ چینی هەژاران و ئاسایشی خۆراك بەکاردەهێنین

K24 - ههولێر:
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دوو ئاراستەیان هەیە بۆ خەرجکردنی زیادەی داهاتی نەوت، کە ئێستا نرخەکەی لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، هەروەها 3 بواریش دەکەنە کاری لە پێشینەیان.
ئەو راوێژکارە لە نوێترین لێدوانی ئاشكرای كرد، کاری لە پێشینیەیان بۆ خەرجکردنی ئەو برە زیادەیە بۆ 3 بواری سەرەکی دەبێت، ئەوانیش چینی هەژاران و ئاسایشی خۆراك و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانن.
گوتیشی: ئاراستەی یەکهم بۆ بەهێزکردن و رووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی هەژاری و چینی هەژارانە، ئەوەش لە رێگەی پرۆگرامی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و پرۆگرامی چاودێری، هەروەها فراوانکردنی پرۆگرامی پسوولەی خۆراک، پاڵپشتیکردنی بەرهەمی دانەوێڵە لە پێناو ئاسایشی خۆراک.
راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژهی بهوهش كرد، ئاراستەکەی دیکە بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە.