سه‌دان خێزانی ئێزدی ئاواره ده‌بنه‌وه
K24 – شنگال:
په‌یامنێری كوردستان24 له شنگال رایگه‌یاند، به هۆی پێكدادان و مه‌ترسییه‌كانی شه‌ڕی "یه‌كینه‌كانی پاراستنی شنگال" (یه‌به‌شه)ی سه‌ر به پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)، ئه‌مڕۆ سه‌دان خێزانی دانیشتووی ناحیه‌ی سنوونێ له باكووری شنگال ئاواره بوون.
دوو رۆژه سوپای عێراق به مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی ره‌وشی شنگال و نه‌هێشتنی گرووپه چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به PKK روویان له شنگال كردووه.
دوای جێگیربوونی سوپا له شنگال، ئه‌مڕۆ هێزه پڕچه‌كه‌كانی سوپای عێراق به‌ره‌و ناحیه‌ی سنوونێ و خانصۆر كه‌وتوونه‌ته رێ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی گرووپه‌كانی سه‌ر به PKK له ناوچه‌كه بهێنن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، ئه‌مڕۆ زیاتر له 800 خێزانی ئێزدی له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سنوونێ و كۆمه‌ڵگه‌كانی خانصۆر و دوبر ئاواره بوون و روویان له كه‌مپی ئاواره ئێزدییه‌كانی سنووری پارێزگای دهۆك كردووه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراقی بۆ كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه، یه‌كه‌كانی سوپا به ئامانجی كۆنترۆڵكردنی یه‌كجاره‌كی سنووره‌كه به‌رده‌وامن و رووبه‌ڕووی هه‌ر گرووپێكی چه‌كداری ده‌بنه‌وه بیانه‌وێت پێشڕه‌وی سوپا رابگرن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه وتیشی: هێزه‌كانی سوپای عێراق چوونه‌ته ناو ناحیه‌ی سنوونێ و چه‌ند باره‌گایه‌كی یه‌به‌شه له ناحیه‌كه هه‌یه و ده‌یانه‌وێت كۆنترۆڵی بكه‌ن.
به هۆی مه‌ترسییه‌كانی پێكدادانی نێوان یه‌به‌شه و سوپای عێراق، هاووڵاتییانی ئێزدی دانیشتووی ناوچه‌كه ناچار بوون جارێكی دیكه ئاواره ببنه‌وه و روو له كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی بكه‌نه‌وه.
له‌و باره‌یه‌وه، دیان جه‌عفه‌ر، به‌ڕێوبه‌ری كۆچ و كۆچبه‌رانی دهۆك رایگه‌یاند، تا ئێستا تیمه‌كانیان پێشوازییان له 200 خێزانی ئاواره‌ی شنگال و خانصۆر كردووه.
پێشتر ئه‌و ئێزدییانه له 3ی ئاب/ ئۆگستی 2014 به هۆی هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر شنگال ئاواره بوون و دوای چه‌ند ساڵ ئاواره‌یی گه‌ڕابوونه‌وه زێدی خۆیان و ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه ئاواره ده‌بنه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه میدیاییه‌كان زیاتر له هه‌زار چه‌كداری یه‌به‌شه‌ی سه‌ر به په‌كه‌كه له ناوچه‌كه ماون و مه‌ترسی ئه‌وه له ئارادایه دوای ده‌رپه‌ڕاندنیان له ناوچه‌كه رووبكه‌نه چیاكانی ده‌وروبه‌ر به تایبه‌تی چیای شنگال و باب شلۆ و خانصۆر.