رووسیا مووشه‌كی نوێ تاقیده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
مۆسكۆ له حه‌فتایه‌مین رۆژی هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، توانا سه‌ربازییه‌كانی سوپاكه‌ی له كالینینگراد خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، مووشه‌كه‌كانیان توانای هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی هه‌یه.
ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی رووسیا دوای ئه‌و هێرشه سه‌ربازییه به‌رفروانه‌ی دێت، كه ماوه‌ی حه‌فتا رۆژه كردوویه‌ته سه‌ر ئۆكرانیا و له هێرشه‌كه‌شدا سه‌ربازێكی زۆری كوژراوه، كه بووه‌ته هۆی درووستبوونی گه‌وره‌ترین قه‌یران له ئه‌وروپا، له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه یه‌كه‌مجاره تووشی ناوچه‌كه ببێت و زیاتر له 13 ملیۆن كه‌س له شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بن.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرایكرد، له مانۆڕێكی سه‌ربازیی له كالیننینگراد توانیویانه به شێوازی ئه‌لیكترۆنی سیستمیی مووشه‌كی دوورمه‌ودای ئیسكه‌نده‌ر هه‌ڵبده‌ن، كه توانای هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی هه‌یه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، له هێرشه مووشه‌كییه‌كانیان توانویانه مووشه‌ك و فڕۆكه‌خانه و ژێرخانی دوژمنێكی وه‌همی تێكبشكێنن. دوای هێرشه‌كه‌ش هێزه‌كانی رووسیا شوێنه‌كانی خۆیان گۆڕیوه، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هێرشی تۆڵه‌كردنه‌وه نه‌بن. له مانۆڕه‌كه‌شدا زیاتر له 100 سه‌رباز به‌شداریان تێداكردووه.
كالینینگراد، به‌شێكه له رووسیا، به‌ڵام ده‌كه‌وێته نێوان خاكی پۆڵه‌ندا و لیتوانیا له‌سه‌ر ده‌ریای به‌لتیك و به‌رامبه‌ر سویده، ئه‌نجامدانی مانۆڕی سه‌ربازیش له‌و سنوووره، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆیه بۆ سه‌ر ئه‌وروپا.
رووسیا له دوای هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا، كه له 24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022ـه‌وه ده‌ستیپێكرد، یه‌كه‌ی هێزی ئه‌تۆمی خستووته ئاماده‌باشییه‌وه، پێشتریش ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی تۆڵه‌یه‌كی "به‌خێرایی برووسك"ی له ئۆكرانیا كرد، دوای ئه‌وه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا بڕیاریان دا به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ هاوكاری كیێڤ بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ماڵپه‌ڕی "ئه‌لحوڕه"، چاودێران ده‌ڵێن كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی حكومی رووسیا ئاماژه به‌وه كردووه، كه له‌م رۆژانه‌ی دواییدا به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌كانیانه‌وه زیاتر قبووڵكراو بووه.
دوو رۆژ به‌ر له ئێستا، دیمیتری مۆراتۆڤ، كه سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه و خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵه بۆ ئاشتی، ئاشكرای كرد، "ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه له شاشه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه ده‌بیستین، كه ده‌كرێت مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان ئاماده بكرێن".