هۆشدارییه‌ك له‌ ته‌ندرووستی سلێمانییه‌وه‌

"بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە"
دیمەنێکی ئەمڕۆی شاری سلێمانی
دیمەنێکی ئەمڕۆی شاری سلێمانی

K24 - سلێمانی

تەندروستی سلێمانی بەهۆی خۆڵبارینەوە هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و داوادەکات، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، نەچنە دەرەوە و دەمامک ببەستن، بۆئەوەی خۆڵبارین کاریگەری لەسەر تەندروستییان نەبێت.

ئەمڕۆ 5ی ئایاری 2022، شەپۆلێکی خۆڵبارین شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و مەودای بینین لە زۆرینەی ناوچەکان، کەمترە لە کیلۆمەترێک. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت: خۆڵبارین راستەوخۆ کاریگەری بۆسەر تەندروستی هاووڵاتیان دەبێت، هەڵمژینی ئەو هەوایەی پڕبووە لە تەپوتۆز بە شێوەیەکی گشتی بۆ تەندروستی مرۆڤ باش نییە و پێویستە هاووڵاتیان لەکاتی خۆڵبارین ئەم رێنماییانە پەیڕەوبکەن:.

1-داخستنی دەرگا و پەنجەرە و پاککردنەوەی شوێنی خۆڵبارین بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە ماڵەوەن.

2- لەکاتی چوونە دەرەوە دەمامک ببەسترێ و ڕووپۆشی خۆت و شوێنی مانەوە بکەی بە بەردەوامی.

3-دەرگا و پەنجەرە دابخە، ئەگەر بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت مەچۆ دەرەوە.

4- زۆر خواردنەوەی شلەمەنی، بەتایبەت لەکاتی شۆفێری و چوونە دەرەوە هەوڵبدرێت هەوای ناو ئۆتۆمبێل بکرێتەوە.

5- خواردنی میوە و سەوزە بەبەردەوامی.

6- تێکەڵ نەبوونی هاوڵاتیان و مامەڵە نەکردنیان لەگەڵ سەگ و پشیلە، کە لە ئێستادا لەلایەن هاوڵاتیانەوە گرنگی زۆری پێدەدرێت، چونکە ئەو تۆز و خۆڵە لەگەڵ فەرووی ئاژەڵەکان کێشە دروستدەکات.

7-لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوڵاتیان دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە ۱۲۲ بکەن.

خۆڵبارین ئەم کاریگەرییانەی دەبێت لەسەر جەستە:.

1- دەبێتە هۆی هەستیاری (حەساسییەت) پێڵووی چاوەکان سووردەبنەوە و توشی خوران دەبێت.

2- هەستیاری لوت و بەتایبەت تر ناوپۆشی لوت سوور دەبێتەوە تووشی هەوکردن دەبێتەوە بەمەش گیرانی لوت دروستدەبێت و کەسەکە تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت.

3-فشاری خوێن و خوێنبەربوون و هەوکردنی گوێچکەی ناوەڕاست زۆرجار دەرئەنجامی ئەم خۆڵبارینەیە و کاریگەری دروستدەکات لەسەر ئەو کەسە.

4- ئەو کەسانەی تەنگە نەفەسن و رەبۆیان هەیە، لەگەڵ ئەم خۆڵبارینە حاڵەت و نیشانەکانیان زیاد دەکات.

5- زۆرجار دەبێتەهۆی خورانی پێست و سووربوونەوە و نەخۆشی ئێکزیما.

6- کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و سییەکان دروست دەکات و بەمەش کەسەکە تووشی کۆکە و پژمین و  ناڕەحەتی زۆر دەبێت، چونکە ئەو دەنکۆڵانە هەڵگری میکرۆب و بەکتریان.