ژنێك پاره‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی سووتاند

پیاوه‌كه‌ پاره‌ی له‌ هاوسه‌ركه‌ی شاردبووه‌وه‌
ژنێك نزیكه‌ی 23 هه‌زار دۆلاری مێرده‌كه‌ی سووتاند
ژنێك نزیكه‌ی 23 هه‌زار دۆلاری مێرده‌كه‌ی سووتاند

K24 - هه‌ولێر:

پیاوێك له‌ میسر پاره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنه‌كه‌ی ده‌شارێته‌وه‌، ویستوویه‌تی شوێنێك بۆ شاردنه‌وه‌ی پاره‌كانی بدۆزێته‌وه‌، كه‌ كه‌س بیری لێنه‌كاته‌وه‌ و ژنه‌كه‌شی پێی نه‌زانێت.

له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان چه‌ند وێنه‌یه‌ك بڵاوكرانه‌وه‌، كه‌ پیاوێك پاره‌كه‌ی خۆی به‌ سووتاوی خستووته‌ڕوو، گله‌یی ئه‌وه‌شی كردووه‌، كه‌ له‌ بانك پاره‌كه‌یان بۆ نه‌گۆڕیوه‌ته‌وه.

به‌رهه‌می ماندووبوونی ته‌مه‌نێك

پیاوه‌كه‌ خه‌ڵكی پارێزگای بوحه‌یره‌یه‌ له‌ میسر، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ كار ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌ك بۆ خۆی كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ ئاگاداری ژنه‌كه‌ی، پاره‌كه‌ی له‌ناو فڕنێكی غاز له‌ ماڵه‌كه‌یدا شاردووه‌ته‌وه‌، ژنه‌كه‌شی خواردنی له‌سه‌ر ئه‌و فرنه‌ ئاماده‌كردووه‌ و نه‌یزانیوه‌ی پاره‌ی تێدا شاردراوه‌ته‌وه‌.

پیاوه‌كه‌ی پاره‌كانی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی شاردبووه‌وه‌ و له‌ شوێنێكی هه‌ڵه‌ دایناوه‌
پیاوه‌كه‌ی پاره‌كانی له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی شاردبووه‌وه‌ و له‌ شوێنێكی هه‌ڵه‌ دایناوه‌

له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی شوێنی هه‌ڵه‌، پیاوه‌كه‌ 420 هه‌زار جونیهی میسری لێ سووتاوه كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی (23) هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی‌، هه‌رچه‌نده‌ پاره‌كه‌ی بۆ بانك بردووه‌، تا بۆی بگۆڕنه‌وه‌، به‌ڵام بانك به‌هۆی نه‌بوونی زنجیره‌ی ژماره‌ی سه‌ر پاره‌كه‌، داواكاری پیاوه‌كه‌یان ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.