"ئەمهریکا لە کوشتنی جەنەڕاڵەکانی رووسیا هاوکاری ئۆکرانیای کردووە"
K24 - سلێمانی:
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمهریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای ئەمهریکاوە بڵاویکردووهتەوە، واشنتن بە پێدانی زانیاری هەواڵگری هاوکاری هێزەکانی ئۆکرانیا کردووە لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە جەنەڕاڵەکانی رووسیا لە میانەی جەنگی ئۆكرانیا.
تا ئێستا هیچکام لە وەزارەتی بەرگری ئەمهریکا و کۆشکی سپی روونکردنەوەیان لەسەر راپۆرتەکەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نەداوە، بەڵام ئەدریان واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمهریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی گۆڕەپانی جەنگەوە هاوکاری هێزەکانی ئۆکرانیای کردووە بۆ بەرگریکردن لەخۆیان.
واتسۆن جەختیشی لهوه کردووهتەوە، كه "زانیاریی هەواڵگریمان پێشکەشنەکردووە بە مەبەستی کوشتنی جەنهڕاڵەکانی رووس". رۆژنامەکە لە سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئەمهریکاوە، کە ناوهكهی ئاشكرا نهكراوه، روونیكردهوه، واشنتن زانیاری داوەتە ئۆکرانیا لەسەر جوڵە چاوەڕواننهکراوەکانی هێزەکانی رووسیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆکرانیا ئەو زانیارییانەی بۆ پێگه هەواڵگرییەکانی خۆی زیادکردووە و بە تۆپ و چەکی دیکە هێرشەکانی ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی ئەفسەرانی رووس.
بەرپرسانی ئۆکرانیا بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان گوتووە، بەهۆی زانیارییەکانی ئەمهریکاوە 12 جەنەڕاڵی رووسیایان کوشتووە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی پنتاگۆن دووپتی كردهوه، لەسەر پڕچەکردنی ئۆکرانیا بە زانیاری هەواڵگری، کە دەتوانێت بۆ بەرگریکردن لەخۆی بەکاریبهێنێت، بەڵام ئامادەنەبووە لەسەر وردەکاری ئەو زانیارییانە قسە بکات.