ریال مەدرید و لیڤەرپوول بە کەمترین خەرجی گەیشتنە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ

یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول و كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید
یۆرگن كڵۆپ راهێنه‌ری یانه‌ی لیڤه‌رپوول و كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنه‌ری ریال مه‌درید

ریال مەدرید و لیڤەرپوول، دوو یانەکەی فاینەڵی چامپیۆنزلیگی وەرزی 2021 بۆ 2022، بە کەمترین خەرجی و گواستنەوەی یاریزان، توانیان بلیتی یاریی کۆتایی بەدەست بێنن و ئێستاش هەردوو یانە کێبڕکێی لەسەر گواستنەوەی ناسناوەکە دەکەن.

ریال مه‌درید ئه‌م وه‌رزه‌ ته‌نیا 2 یاریزانی گواسته‌وه‌

ریال مەدرید ئەم وەرزە، تەنها دوو یاریزانی گواستەوە ریزەکانی، یەکێکیان کاماڤینگا ناوەڕاستکاری 19 ساڵانی فەرەنسی بوو، کە بەرامبەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە، تەنها 30 ملیۆن یۆرۆی پێشکەش بە رێنی فەرەنسی کرد.

کاماڤینگا ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی بەشداری 9 یاریی چامپیۆنزلیگ کردووە، لەو نۆ یارییەش تەنها 292 خولەک یاریی کردووە و تەنها لە یەک یاریش لە پێکهاتەی سەرەکی بووە، بەڵام هەر کاتێک یاری کردبێت، رۆڵێکی باشی هەبووە.

یاریزانەکەی دیکە کە شاهانەکان ئەم وەرزە گواستویانەوە ریزەکانیان، داڤید ئالابا بەرگریکاری نەمسایی بوو، کارگێری مێرنگی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە هیچ پارەیەکی خەرج نەکرد، ئەو یاریزانەیان بێ بەرامبەر لە ریزەکانی یانەی بایرن میونشنەوە گواستەوە.

لیڤه‌رپوولیش ته‌نیا 2 یاریزانی گواسته‌وه‌

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزیش، ئەو یانەیە ئەم وەرزە هاوشێوه‌ی ریال مه‌درید تەنها دوو یاریزانیان بۆ ریزەکانیان گواستەوە، یەکێکیان ئیبراهیم کۆناتێ بەرگریکاری مالی و ئەوی دیکەشیان لویز دیاز هێرشبەری کۆلۆمبی بوون.

رێدز بە درێژایی ئەم وەرزە، دوو یاریزانیان بەرامبەر 85 ملیۆن بۆ ریزەکانیان گواستەوە، یەکەمیان ئیبراهیم کۆناتێ بەرگریکاری مالی بوو، کە هاوینی رابردوو ئەو یاریزانەیان بەرامبەر 40 ملیۆن یۆرۆ لە ریزەکانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانی گواستەوە، ئەو یاریزانە ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگ بەشداری شەش یاری کردووە و خاوەنی دوو گۆڵە.

دووەم یاریزان لویز دیاز هێرشبەری کۆلۆمبی بوو کە کارگێری رێدز زستانی رابردوو بەرامبەر 45 ملیۆن یۆرۆ لە ریزەکانی یانەی پۆرتۆی پۆرتوگاڵی بۆ ریزەکانیان گواستەوە، ئەو هێرشبەرە ئەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە چامپیپۆنزلیگ بەشداری شەش یاری کردووە و خاوەنی دوو گۆڵە.