نزیکەی 100 خاوەنکار بەرهەمەکانیان لە هەڵەبجە نمایش دەکەن

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کاری دەستی لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت
دیمەنێکی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کاری دەستی لە هەڵەبجە
دیمەنێکی یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کاری دەستی لە هەڵەبجە

K24 - هەڵەبجە

یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کاری دەستی لەلایەن ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەوە رێکخرا، لەم پێشانگایەدا 85 پیشەوەری پێنج پارێزگای ئێران و 12 پیشەوەری خاوەنکاری دەستی پارێزگای هەڵەبجە بەشداریان تێداکردووە.

یەکێک لە خاوەنکارە بەشداربووەکانی پێشانگاکە بە کوردستان24ی گوت: "بە ئیشی مافوور و قەنەفە و کەلوپەلی ناوماڵ بەشداری ئەم پێشانگایەم کردووە، پێشتریش لە سلێمانی و هەولێر بەشداریم لە پێشانگاکان کردووە".

گوتیشی: "ئەو جۆرە پێشانگایانە بۆ ئێمە و خەڵکییش باشە، هەم کەلوپەلەکانمان دەناسێنین هەمیش کڕین و فرۆشتن لەنێوان خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئێران زیاتر دەبێت".

خاوەنکارێکی ئێرانی لە پێشانگاکە گوتی: "یەکەمجارە دێینە ئێرە، ئەزموونێکی باشمان هەبوو، ریکلامێکی باش بوو. خەڵکی میهرەبان و میوان دۆستی هەرێمی کوردستان دەستیان خۆش بێت، باشترین پێشوازییان لێکردین. لە رووی فرۆشەوە لە خوا بەزیاد بێت باش بوو، تا ئێستا فرۆشێکی باشمان هەبووە".

هەموو جۆرە کارێکی دەستی جوان و تایبەت لەم پێشانگایە دەبینرێت، ئامانج لە سازدانی ئەم پێشانگایە ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەست رەنگین و خاوەنکارانی پارێزگای هەڵەبجە و وڵاتی ئێرانە.

پێشەوا ئەحمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە پلانمان ئەوەیە لەمەودوا لسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کار بکەین، پاش لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت هێنانی ئەو جۆرە هونەرە کە دەستڕەنگینیە لە شارەکانی ئێرانەوە بۆ هەڵەبجە، وەک ئەزموونێکی سەرەتایی کارێکی زۆر باشە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بە هاوکاری لەگەڵ کونسوڵخانەی ئێران توانیمان زیاتر لە 85 خاوەنکاری دەستی و پیشە بێنینە هەڵەبجە".