وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سه‌ردانی كیێڤ ده‌كات

"ڤلۆدیمیر زیلینسکی و شتاینمایەر، گفتوگۆیەکی باشییان له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كان ئەنجامداوە"
ئەنالیندا بێربۆک / وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا
ئەنالیندا بێربۆک / وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا

K24 – هه‌ولێر:

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشكرای ده‌كات، وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی ئەنالیندا بێربۆک بەمزووانە سەردانی ئۆکرانیا دەکات.

ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زیلینسکی و شتاینمایەر، سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا گفتوگۆیەکی باشییان له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كان ئەنجامداوە".

لە ناوەڕاستی مانگی چوار سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتاینمایەر بەنیاز بوو سەردانی کیێڤ بکات، بەڵام ئۆكرانیا رەتیکردەوە پێشوازی لێبکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە پێشتر شتاینمایەر پشتیوانی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیادا کردبوو.

رەتکردنەوەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەڵمانیا لەلایەن ئۆکرانیاوە، بووە هۆی ئەوەی شۆڵز بڵێت سەردانی ئۆکرانیا ناکات تاوەکو سەرۆکی ئەڵمانیا سەردانی ئەو وڵاتە نەکات.

سەردانەکەی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دوای ئەوە دێت گرژیی کەوتە نێوان هه‌ردوو وڵات، بەهۆی ئەوەوە بوو ئۆکرانیا رەتیکردەوە سەردانەکەی سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک واڵتەر شتایمایەر بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات. بەڵام دوو وڵاتەکە گرژییەکەیان چارەسەر کردووە.