رووسیا نه‌وت و گازی بۆ ژماره‌یه‌ك وڵاتانی ئه‌وروپا راگرت

وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ سه‌ره‌تا جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیاوه‌ بە بەهای زیاتر لە 45 ملیار دۆلار نەوت و گازیان لە رووسیا کڕیوە
رووسیا نه‌وت  و گاز به‌ ئه‌وروپا نافرۆشێت
رووسیا نه‌وت و گاز به‌ ئه‌وروپا نافرۆشێت

K24 - هه‌ولێر:

هەفتەی رابردوو رووسیا هەناردەی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا راگرت، بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگەش هەمان بڕیار وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپاش بگرێتەوە.

ئه‌م بڕیاره‌ی رووسیا کێشەی بۆ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دروستکردووە، هەندێکیان دەیانەوێت بە داواکارییەکانی رووسیا قایل بن و پارەی کڕینی نەوت و گازی رووسی بە روبل بدەن. کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا داوا دەکات تا کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بە پشتبەستن بە وزەی رووسیا بهێنرێت و هەنگاریا و سلۆڤاکیاش دژی یەکێتی ئەوروپا دەوەستنەوە.

راگرتنی هاوردەی نەوت و گازی رووسیا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپای دابەشکردووە. سەرەرای بەردەوامی شەر و سەپاندنی سزای وێرانکەر بەسەر مۆسکۆدا، هێشتا هاوردەی نەوت و غازی رووسیا لەلایەن وڵاتانی ئەوروپیەوە بەردەوامە.

ئۆرسۆلا ڤۆندێر لەین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا داوای لە هەر 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا کردووە، تا شەش مانگی دیکە کۆتایی بە هاوردەی نەوتی رووسیا و تا کۆتایی ئەمساڵیش کۆتایی بە هاوردەی گاز و بەرهەمەکانی دیکەی رووسیا بهێنن.

هەنگاریا و سلۆڤینیا هەر زوو دژی داواکارییەکەی ڤۆندێر لەین وەستانەوە، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا رایگه‌یاند، یەکێتی ئەوروپا هێڵە سوورەکانی بەزاندوە و هەنگاوەکانی هەڕەشەن بۆسەر یەکگرتوویی یەکێتی ئەوروپا.

سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا گوتی: وادیارە یەکێتی ئەوروپا هەندێک لە سنووری خۆیان زیاتر چووە، هێڵە سوورەکانیان بەزاندوون. بڕیاری راگرتنی هاوردەی خەڵوزیان لە رووسیاوە دا، هەرچەندە بۆ ئێمە سەخت بوو، بەڵام وتمان پابەند دەبین و کێشە نیە. بەڵام راگرتنی نەوت و گازی رووسیا بۆ ئێمە هێڵی سوورە.

گوتیشی: خاتوو ڤۆندێر لەین بەم کارانەی هەڕەشە لە یەکگرتوویی یەکێتی ئەوروپا دەکات، کە زەحمەتێکی زۆرمان بینیوە بۆ دروستکردنی. داواکارییەکی لەمجۆرە بەردانەوەی بۆمبێکی ئەتۆمییە بەسەر ئابووری هەنگاریادا و هیچکات قبوڵی ناکەین.

بەگوێرەی داتایەکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی وزە و هەوای خاوێن، لە 24ی شوباتی ئەمساڵ و سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیاوە، یەکێتی ئەوروپا بە بەهای زیاتر لە 45 ملیار دۆلار نەوت و گازی لە رووسیا کڕیوە.

کۆتایی ئاداری ئەمساڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتانی نەیاری رۆژئاوا دەبێ بە روبل پارەی کڕینی نەوت و گازی رووسی بدەن. پۆڵەندا و بولگاریا ئامادە نەبوون بە مەرجەکەی قایل بن، هەفتەی رابردووش گازپرۆمی رووسی هەناردەی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا راگرت، بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگەش هەناردەی نەوت و گاز بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا رابگیرێت.

ئەمەش کێشەی سووتەمەنی و وزە و بەرزبوونەوەی نرخ و ناهاوسەنگی بازار و چەندین لێکەوتەی دیکەی مەترسیداری دەبێت، چونکە بەگوێرەی داتاکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، سلۆڤاکیا لەسەدا 96 و هەنگاریا لەسەدا 58ی وزەی خۆیان لە رووسیاوە وەردەگرن.

ئەڵمانیا لەسەدا 25ی نەوت و لەسەدا 40 گازی خۆی لە رووسیاوە دابین دەکات، واتە بەگشتی نزیکەی لەسەدا 40ی وزەی ئەوروپا، رووسیا دابینی دەکات. هەبوونی کۆدەنگی بۆ وازهێنان لە وزەی رووسیا گەورەترین کێشەی یەکێتی ئەوروپایە، بەشێوەیەک بووەتە هەرەشە لەسەر یەکگرتوویی یەکێتیەکە.