یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە لە ئەگەری تەشەنەسەندنی جەنگی ئۆکرانیا بۆ نێو مۆڵدۆڤا

"چاوەڕێی کارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکەین"
مۆڵدۆڤا
مۆڵدۆڤا

K24 - هەولێر:

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ نیگەرانی خۆی لەمەڕ تەشەنەسەندنی جەنگی ئۆکرانیا بۆ نێو وڵاتی مۆڵدۆڤا راگەیاند.

جۆزێپ بۆرێل لە زنجیرە پانێڵەکانی "The State of the Union" کە لەلایەن ئەنیستیتوی زانکۆی ئەوروپا بە بۆنەی "9ی ئایار رۆژی ئەوروپا" لە شاری فلۆرانساری ئیتاڵیا رێکخراوە، ھەڵسەنگاندنی بۆ جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا خستەڕوو.

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش سەرنجی بۆ دواپێشھاتەکانی مۆڵدۆڤیا راکێشا و گوتی: "زۆر نیگەرانین لەبەرامبەر رووداوەکانی مۆڵدۆڤا و گواستنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ نێو ئەو وڵاتە لەلایەن رووسیاوە".

بۆرێل باسی لە پاکێجی سەپاندنی سزا نوێیەکان بۆسەر رووسیا کرد و گوتی: "کار دەکەین بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێک لە نێوان سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا بەمەبەستی راگرتنی ھاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە. ئەمە ئەنجام دەدرێت، تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە پێویستە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەنجامدانی رێککەوتنێکی سیاسی کۆبکەمەوە".

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا، لەبارەی پرسی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا گوتی: "ناتوانم لە ئێستادا وادەیەک دیاری بکەم. چاوەڕێی کارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەکەین. پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت کە چەند وڵاتێك لە بالکان لە چاوەڕوانییدان".

AA