چۆن لەماوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ تەندروستی دەروونیت دەپارێزیت؟

بەم رێگایانە لەکاتی تاقیکردنەوەکان فشاری دەروونی کەم بکەرەوە
خوێندن
خوێندن

K24 - هەولێر:

خوێندن و کۆشش لە ماوەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە هەموو کاتەکانی دیکە زیاتر سترێس و فشاری دەروونی بۆ خوێندکاران دروست دەکات کە زۆر جار کاریگەری خراپی لەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکان هەیە.

د. مێراندا مارین، پسپۆڕی دەروونی لەو بارەیەوە گوتی: "خوێدکاران دەبێت لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا، گرنگی بە تەندروستی جەستە و دەروونیان بدەن، ئەو هەموو فشارانەی لە تەواوی وەرزەکانی خوێندندا رووبەڕووی بووەنەتەوە، لەم ماوەیەدا هەمووی کەڵەکە دەبێت و پێویستی بە دەروونێکی ئارام و جەستەیەکی سەلامەتە بۆ زاڵ بوون بەسەریاندا."

ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد، خوێندکاران لەکاتی کۆششکردن بۆ تاقیکردنەوەکان بە وەرگرتنی پشووی ماوە کورت لەنێوان کاتژمێرەکانی خوێندنەوە و کۆششکردندا دەتوانن فشارەکانیان کەم بکەنەوە، هەروەها راهێنانی هەناسەدانی قوڵ و پیاسەکردن یارمەتیدەرن لە کەمکردمەوەی فشارەکان.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "کاتێك تێبینی جیاوازیەکت کرد لە هەڵسوکەوتی رۆژانەتدا، بۆ نموونە کاتێک چێژ لەو شتانە نابینیت کە لە رابردوودا چێژت لێوەردەگرتن، ئەوە ئەگەری هەیە گرفتێکی دەروونیت هەبێت و باشترە زیاتر گرنگی بە خۆت بدەیت و کاتەکانی کۆششکردنت رێکبخەیتەوە."

لەهەمانکاتدا رێکخستنی کاتەکانی خەو لەگەڵ خشتەی خوێندندا کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی هەیە و هاوکارە لە ئارامکردنەوەی مێشک و کەمکردنەوەی سترێس.

لە هەواڵێكی ئاژانسی " healthline"ـدا، ئاماژە بە توێژینەوەیەك دراوە کە باسی لەوە دەکات باشترین کاتی خەو لە کاتژمێر 10 بۆ 11ـی شەوەوە دەستپێدەکات، بۆیە باشترە تەواوی ئەرکەکانت پێش ئەو کاتە تەواو بکەیت.