ئەو سەربازە عێراقییەی ژن و منداڵەکانی ئەنفالکران گیانی لەدەستدا

"سەدام حسێن لەنامەیەکدا پێی گوتووە، خێزانەکەت لەناوبراوە"
ئەو سەربازە عێراقییەی ژن و منداڵەکانی ئەنفالکران لەگەڵ نامەکەی سەدام حسێن
ئەو سەربازە عێراقییەی ژن و منداڵەکانی ئەنفالکران لەگەڵ نامەکەی سەدام حسێن

K24 - هەولێر:

ئەو سەربازە عێراقیەی، لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا دیل بووە لەلای ئێران، بەڵام ژنەکەی و سێ منداڵی ئەنفالکران، ئەمڕۆ بە نەخۆشی گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ 7ـی ئایاری 2022، مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ رایگەیاند، "شایەتحاڵێكی ئەنفال كۆچی دوایی كرد، عاسی مستەفا ئەحمەد ئەو سەربازە عیراقییەی كە هاوسەر و منداڵەكانی لە شاڵاوی ئەنفالدا بێ سەرو شوێن بوون، ئەمڕۆ بە نەخۆشی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەى کەسوکارى کۆچکردوو دەکەین و دوعا دەکەین، خواى گەورە لە بەهەشتدا لەگەڵ خێزان و منداڵەکانى کۆى بکاتەوە".

عاسی مستەفا ئەحمەد، ساڵی 1952 لەدایکبووە و لە 27ی ئازاری 1982 دا، کاتێک سەربازی عێراقی بووە، بە دیلی کەوتووەتە دەست سوپای ئێران و هەشت ساڵ لە زینداندا بووە، دواتر لە 24ی ئابی 1990 دا لە رێگەی گۆڕینەوەی دیلەوە ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە بۆ چەمچەماڵ.

ئەو سەربازە دیلەی عێراق، کاتێک گەڕاوەتەوە ناو کەسوکارەکەی، پێیان گوتووە کە هاوسەرەکەی و سێ منداڵی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەنفالکراون و بێسەروشوێنن.

سکاڵانامەی عاسی مستەفا ئەحمەد
سکاڵانامەی عاسی مستەفا ئەحمەد

 

عاسی، دوو مانگ دوای ئازادبوونی، بۆ سۆراخکردنی منداڵەکانی، نامەیەکی بۆ سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی عێراق نووسیوە و داوایلێکردووە روونکردنەوەی بدەنێ، لە وەڵامدا نوسینگەی سەدام حسێن نامەیەکی بۆ عاسی ناردووە و تێیدا هاتووە "لە پرۆسەی ئەنفالدا کە ساڵی 1988 لە ناوچەی باکور جێبەجێکرا، ژن و منداڵەکانت لەناو براون".

هاوسەرەکەی عاسی ناوی (عەزیمە عەلی ئەحمەد) بووە، منداڵەکانیشی ناویان (چرۆ، فەرەیدون و رووخۆش) بووە.