قەدەغەکردنی نەوتی رووسیا ئەوروپا دەکاتە دوو بەره‌

پێیانوابوو سەپاندنی ئەو جۆرە سزایە هاوشێوەی بۆمبێکی ئەتۆمییە بەسەر ئابووری رووسیا
نه‌وت و گازی رووسیا كێشه‌ی خسته‌ نێوان ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا
نه‌وت و گازی رووسیا كێشه‌ی خسته‌ نێوان ئه‌ندامانی یه‌كێتی ئه‌وروپا

K24 - هه‌ولێر:

راگرتنی هاوردەی نەوتی رووسیا لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە بە تایبەت دوای ئەوەی ئۆرسولا ڤوندەرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، قۆناغ بە قۆناغ کۆتایی بە هاوردەی گازی رووسیا دەهێنن، ئەو هەوڵە وڵاتانی ئەوروپا دابەشی دوو بەرە کردووە.

سێ سەرچاوە لە یەکێتی ئەوروپا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی کردووە، گۆڕانکاری لە قەدەغەکردنی هاوردەی نەوتی رووسیا بکەن، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەو وڵاتانەی کە دژی سەپاندنی سزان بەسەر هاوردەی نەوتی رووسیا، بە جۆرێک ناڕەزایی هەندێک وڵات بە شێوەیەکی روون کاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا کردووە.

ئەو سەرچاوانە روونیان کردووەتەوە، کە بە پێشنیازی گۆڕانکارییەکان لە بڕیاری قەدەغەی هاوردەی نەوتی رووسیا ئەوەیە، کاتی زیاتر بە هەندێک وڵاتی وەک هەنگاریا و سلۆڤاکیا و چیک بدرێت، تاوەکو بتوانن دەستبەرداری نەوتی رووسیا بن.

سەرچاوەیەک بۆ رۆیتەرز ئاشکرای کردووە، بەگوێرەی گۆڕانکارییەکە، هەریەکە لە هەنگاریا و سلۆڤاکیا رێگەیان پێ دەدرێت تا کۆتایی ساڵی 2024 لە رێگەی بۆریەوە نەوت لە رووسیا هاوردە بکەن، هەروەها کۆماری چیکیش تاوەکو حوزەیرانی 2024 نەوت لە رووسیا هاوردە بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە بە گوێرەی ئەو پێشنیازەی ئۆروسولا ڤۆندەرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هەفتەی رابردوو وەک پاکێجێکی دیکەی سزا بەسەر رووسیای سەپاند، دەبوایە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هاوردەی نەوت لە رووسیا رابگرن، هەریەکە لە سلۆڤاکیا و هەنگاریاش تاوەکو کۆتایی 2023 دەیانتوانی نەوت لە رووسیا بکڕن.

بەرپرسێک بۆ رۆیتەرز ئاماژەی بەوەداوە، بولگاریاش بە هەمان شێوە داوای بەخشێنی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ماوەیەکی بۆ درێژ نەکراوەتەوە، چونکە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا هیچ هۆکارێکی واقیعیان لە بولگاریا نەبینیوە.

هاوکات وڵاتانی ئەوروپا پێیان وابوو، سەپاندنی ئەو جۆرە سزایە هاوشێوەی بۆمبێکی ئەتۆمییە بەسەر ئابووری رووسیا، بەلام ناکۆکی ئەندامەکان وایکردووە جێبەجێکردنی ئاسان نەبێت.