ئەتروش.. بەهۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین هاووڵاتیه‌ك برینداربوو
K24- هه‌ولێر:
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینێك لە سنووری ناحیەی ئەترۆشی سەر بە پارێزگای دهۆك، هاووڵاتیێك به سه‌ختی برینداربوو و قاچێكی له‌ده‌ستداوه و به مه‌به‌ستی پێدانی چاره‌سه‌ری پزیكشی ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك كراوه.
ئامۆزایه‌كی هاووڵاتییه‌كه كه نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت، به كوردستان24ی راگه‌یاند، پێده‌چێت مینه‌كه نوێ بێت و تازه دانرابێت، چونكه پێشتر هاتووچۆی زۆریان له‌و شوێنه هه‌بووه و تێبینی هیچ مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كیان له‌و شوێنه نه‌كردووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئه‌و هاووڵاتییه‌ی ئه‌مڕۆ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و مینه برینداربووه، ته‌مه‌نی 43 ساڵه و خێزانداره و ویستوویه‌تی بچێته ناو باخه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌ڕێگه مینه‌كه‌ی پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه و برینداربووه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له دوو رۆژ، له سنووری ناحیه‌ی كانی ماسێ، مینێكی چێندراوی چه‌كدارانی په‌كه‌كه به دوو پاسكیلسواری دانیماركیدا ته‌قییه‌وه و له ئه‌نجامدا یه‌كێك له پاسكیلسواره‌كان گیانی له‌ده‌ستدا.
له 2ی ئه‌م مانگه‌ش، له گوندی چه‌قه‌لای سنووری ناحیه‌ی كانی ماسێ، هێزه مه‌نییه‌كانی ناوچه‌كه توانییان نزیكه‌ی 200 كیلۆگرام (تی ئین تی) له‌سه‌ر رێگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه، كه له‌لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه دانرابووه‌وه.
ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه جموجووڵی چه‌كدارانی په‌كه‌كه نه‌ك ته‌نها له سنووری ئه‌تروش و كانی ماسێ، به‌ڵكو له ته‌واوی ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زیادی كردووه، ئه‌مه‌ش بووه‌ته پاساوێك بۆ ئه‌وه‌ی توركیا له‌شكركێشی بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان بكات و به‌و هۆیه‌شه‌وه به سه‌دان گوند چۆڵكراون و بوونه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆ سه‌ر ژیانی گوندنشینانی ناوچه سنوورییه‌كان.
H.B