كوردێك له رێگه‌ی وێنه‌كێشان به فڵچه‌ی ددانه‌وه كاندیده بۆ وه‌رگرتنی گه‌وره‌ترین خه‌ڵات

K24- هه‌ولێر:
به‌هۆی وێنه‌كێشانی خۆی به فڵچه‌ی ددان، په‌نابه‌رێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی له كه‌مپێكی ئوستراڵی، كاندیده بۆ به‌ده‌ستهێنانی باشترین خه‌ڵاتی هونه‌ری.
موسته‌فا عه‌زیمی ته‌بار، په‌نابه‌رێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه و ماوه‌ی هه‌شت ساڵه له یه‌كێك له كه‌مپه‌كانی ئوستراڵیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، له رێگه‌ی فڵچه‌ی ددان شووشتنه‌وه به به‌كارهێنانی قاوه، وێنه‌ی خۆی و ده‌یان كه‌سایه‌تی هونه‌ری ئوستراڵی كێشاوه و بووه جێی سه‌رنجی ده‌سه‌ڵاتدارانی كه‌مپه‌كه.


ناوبراو به ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێسی راگه‌یاند، له خۆشترین كاته‌كانی ته‌مه‌نیدا ده‌ژی، دوای ئه‌وه‌ی پێی راگه‌یه‌ندراوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی "ئه‌رشیباڵد"ـی هونه‌ری له‌بواری وێنه‌ی "پۆرترێت" سه‌ركه‌وتووه‌و كاندید كراوه، كه له ساڵی 1921ـه‌وه ده‌به‌خشرێت.
مسته‌فا عه‌زیمی ته‌بار رایگه‌یاند، له ساڵی 2014ـه‌وه له دوورگه‌ی "مانۆس" له ئوستراڵیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، سه‌ره‌تا داوا له به‌رپرسانی كه‌مپه‌كه ده‌كات فڵچه و ره‌نگی پێبده‌ن، به پاساوی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك زیان به خۆی بگه‌یه‌نێت پێان نه‌داوه، ئه‌و له رێگه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌كان، له وێنه‌كێشان به‌رده‌وام بووه.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، "ئه‌و كاته‌ی له رێگه‌ی فڵچه‌ی ددانشوشتن و كه‌مێك قاوه وێنه‌یه‌كی "پۆرترێت"ـم كێشا، هه‌ستم كرد چركه‌ساتی سه‌ركه‌وتنه‌كانمه، چونكه وێنه‌كێشان وای لێكردم له كه‌مپه‌كه‌دا هه‌ست به سه‌قامگیری و ئارامی بكه‌م".
له 13ـی ئه‌م مانگه‌دا ئه‌نجامی خه‌ڵاته‌كه راده‌گه‌یه‌ندرێت، كه بڕه‌كه‌ی 100 هه‌زار دۆلاری ئوستراڵییه و ده‌كاته 71 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.