نەخۆشی تالاسیما چییە و چۆن رێگری لەم نەخۆشییە دەکرێت؟

ئایا دەکرێت خۆمان لە نەخۆشی تالاسیما بپارێزین؟
ته‌لاسیمیا، نه‌خۆشییه‌كی بۆماوه‌ییه‌
ته‌لاسیمیا، نه‌خۆشییه‌كی بۆماوه‌ییه‌

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ (8ی ئایار/ مایۆ) رۆژی جیهانی تالاسیمایه‌، كە یەكێكە لەو نەخۆشییە درێژخایەنانەیه‌، كه‌ تووشى خوێن دەبێت و لە باوانەوە بۆ نەوەکانیان دەگوازرێتەوە واتە بۆماوەییە، پزیشكانی پسپۆڕیش ئاماژە بەوە دەكەن چاكبوونەوەیان نییە و تەنیا دەبێت مامەڵەی تەندروست و بە بەرنامەی لەگەڵ بكرێت.

لەڕووی تەندروستیەوە تالاسیما دەبێتە هۆی کەمخوێنی لەو کەسەدا و نەبوونی ماددەی هیمۆگڵۆبینە لەناو خرۆکە سوورەکانی خوێندا، کە بەرپرسە لە گواستنەوەی ئۆکسجین و خۆراك بەناو لەشدا، هاوکات ده‌بێته‌ هۆى شكاندنی هيمۆگلۆبين و شيكردنه‌وه‌ى له‌ كاتێكی زوودا، كه‌ ده‌بێته‌ هۆى كه‌مخوێنيه‌كی توند.

خۆپاراستن لە تالاسیما

ناکرێت خۆمان لە تالاسیما بپارێزین، چونکە ئەو نەخۆشیە بۆماوەییە، بەڵام دەکرێت دایکان و باوکان پێش ئەوەى منداڵیان ببێت چەند پشکنینێك ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەى نەخۆشیەکە ئاشکرا بکەن.

نەخۆشیەكە بۆماوەییە، لە دایك و باوكەوە بۆ منداڵان دەگوازرێتەوە، لە روانگە زانستیەكەیەوە هەر كۆرپەلەیەكی ئاسایی لە سكی دایكدا خڕۆكە سورەكانی بە جۆری F دادەنرێت، كاتێك لە دایك دەبێت دەگۆڕێت بۆ جۆری A، بەڵام لە منداڵانی توشبووی تالاسیمیا جۆری F دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت بۆ جۆری پاش لەدایكبوون.

نیشانەكانی نەخۆشی تالاسیما:

1-هیلاك و بێهێزبوونی زۆر.

2-تێكچوونی رەنگ و زەرد هەڵگەڕانی پێست.

3-گەشەی ئێسكەكانی دەموچاو بە شێوەیەكی ناسرووشتی.

4-لاوازی گەشە و ئاوسانی سك.

5-تێربوونی رەنگی میز.

دوای لەدایكبوون منداڵانی توشبووی تالاسیما پێویستە بەردەوام خوێنیان تێبكرێت، كەسی گیرۆدە ئەگەری ئەوەی هەیە هەڵگربێت، ئەگەری ئەوەشی هەیە توشبووبێت.

چۆنیەتی چارەسەركردنی نەخۆشی تالاسیما:

1-پێدانی خوێن.

2-پێدانی مۆخی ئێسك

3-چارەسەری دەرمانی

4-نەشتەرگەری لابردنی سپڵ و زراو.

كەسی توشبوو تەنیا لە پشكنیندا دەردەكەوێت، كە تالاسیمای هەبێت و ئەگەری ئەوەشی هەیە كەمخوێنییەكی كەمی هەبێت، بەڵام تالاسیمای قورس لە شەش مانگی سەرەتای ژیانیەوە دەردەكەوێت و بۆ هەموو ژیانی پێویستی بە خوێن دەبێت.

نيشانه‌كانی نادیارەكان تالاسیما چین؟

هەندێک کەس هێندە نیشانەکانی تێدا دەرناکەوێت و ئاساییە، كاتى پشكنينى خوێن دەردەکەوێت، لەتەمەنی دوو بۆ چوار ساڵی هەستی پێ دەکرێت و ئەم نیشانانەی تێدا دەردەكەون.

1-  بەردەوام کەم خوێنە و پێویستی بە پێدانی خوێن هەیە لە نەخۆشخانە.

2- زوو ماندوو دەبێت و هەست بە شەکەتی و کرژبوونی گیانی دەکات

3-  سەری گێژ دەخوات و بێ هۆش دەبێت.

4- هەندێک کات جگه‌ر و سپڵی هەڵدەئاوسێت و جەستەی تەواو بێزار دەبێت و تووشی زه‌ردوویی دەبێت.

5- خێرای لێدانی دڵی کەمدەبێتەوە و خواردن کەم دەخوات.

6- گەشەکردنی خاودەبێتەوە، بەتایبەتی لە رووی باڵا و کێشەوە.

7- رەنگی میز دەگۆڕێت.

8- هەندێکجار لەشی نەخۆشەکە زیاد لە سنووری خۆی خڕۆکەی سوور دروستدەکات.

9- بەهۆی پێویستیی (ئێسک و جگەر و سپڵ)، ئەمەش زیانی هەیە و دەبێتە هۆی  گۆڕانى ئێسكه‌كانى لەش.

10- هەوکردنی بەگشتی زیاد دەکات، بەهۆی زۆری خوێن وەرگرتنەوە، رەنگە تووشی نەخۆشی خراپتر ببێت.

بەگشتی چارەسەری تەواوەتی نییە، بەڵام جۆرەکانی تالاسیما دەگۆڕێت هەندێکیان قورس نییە و پێکهاتووە لە 3 جۆر تالاسیمیای بچوك و مامناوەند و گەورە، کە لە رێگه‌ی پێدانی خوێن، چاندنی مۆخی ئێسك، بەکارهێنانی چەند جۆرێکی دەرمان، نەشتەرگەریی لابردنی سپڵ و زراو چارەسەردەکرێت.

گرنگە هەردوو رەگەز پێش پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری پشکینین ئەنجام بدەن، چونکە هەندێك کەس هەڵگری نەخۆشیەکەن، بەڵام دەرناکەوێت بەتایبەتی ئەگەر ئەو دوو کەسە خزمی یەکتری بن، بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بکەن.