راوێژکاری سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشنیاز دەکات قەبارەی وەبەرهێنان لە شەش کەرت زیاد بکرێت

"تا ئێستا نەوت بە شێوەیەکی گەورە داهاتی گشتی وڵاتی پێکهێناوە"
بەغدا - ئەرشیف
بەغدا - ئەرشیف

K24 - هه‌ولێر:

مەزهەر محەمەد، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، زیادکردنی قەبارەی وەبەرهێنان لە شەش کەرت، رێژەی گەشەی ئابووری لە وڵات دوو هێندە دەکات.

راوێژکاری سەرۆک وەزیران لە نوێترین لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاشكرای كرد، کاری لە پێشینەی سیاسەتی ئێستا، دیدگایە بۆ بوژانەوە و پەرەپێدانی خێرا تاوەکو لە قۆناغی سیاسەتی پشتبه‌ستن به‌تاكه‌ سه‌رچاوه‌ دەرچین و سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکرێت. چونکە تاوەکو ئێستا نەوت بە شێوەیەکی گەورە داهاتی گشتی وڵاتی پێکهێناوە.

روونیکردەوە، پلانی گەشەپێدانی ئابووری کۆمەڵایەتی پێنج ساڵی و 10 ساڵی، رێژەی گەشەی کەرتی دیاری دەکات، کە ئامانج لێی گۆڕانکاری ریشەییە تاوەکو کەرتە زیندووە نا نەوتییەکانیش بەشدار بن لە بەرزکردنەوەی کۆی بەرهەمی ناوخۆ، ئەوەش لە رێگە هەمەچەشنکردنی ژێرخانی بەرهەمهێنان لە ئابووری گشتی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کەرتانەی گرنگە وەبەرهێنانیان تیدا بکرێت، بریتین لە کارەبا، ئاو، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، پەروەردە و تەندروستی. کە ئەوەش بنچینەی بەرەو پێشچوونی نەتەوەکانە.