گۆڤارێكی ئه‌مه‌ریكی: په‌یوه‌ندییه نوێیه‌كانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام نابن
K24- هه‌ولێر:
له راپۆرتێكدا، گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"ی ئه‌مه‌ریكی شرۆڤه‌یه‌كی وردی په‌یوه‌ندییه نوێییه‌كانی نێوان وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی كردووه، كه پێشتر ركابه‌ری سه‌رسه‌ختی یه‌كتر بوون و له شرۆڤه‌كه‌یدا جه‌ختی كردووه‌ته‌وه، "ئه‌و په‌یوه‌ندییانه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام نابن".
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه دراوه، "ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشانه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه، كه له ئه‌نجامی سه‌ردانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی نێوان وڵاتانی وه‌ك توركیا و سعوودیه و ئێران و ته‌نانه‌ت ئیسرائیل و ئیماراتیش هاتوونه‌ته ئاراوه، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام نابن، چونكه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی رۆژ بنیاتنراون".
ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هاتووه، هه‌فته‌ی رابردوو ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا سه‌ردانی عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌ی كرد و له‌گه‌ڵ شا سه‌لمان، شای سعوودیه و محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ی جێنشینی ئه‌و وڵاته كۆبووه‌وه، كه به‌هۆی كوشتنی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسی سعوودی له كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته له ئیستانبوڵ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و ریاز جۆرێك له گرژییان تێكه‌وتبوو.
پێشتریش له مانگی نیسانی رابردوو، میدیاكانی ئێران جه‌ختیانكرده‌وه، به‌رپرسانی باڵای ئه‌منیی سعوودیه و ئێران گه‌ڕی پێنجه‌می دانوستانه‌كانی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان به چاودێری حكومه‌ته‌كانی عێراق و سه‌ڵته‌نه‌ی عومان له به‌غدا به‌ڕێوه‌برد.
له مانگی ئادار/ مارسی ئه‌مساڵیش ئیسحاق هێرتسۆگ، سه‌رۆكی ئیسرائیل سه‌ردانی توركیا كرد، كه له ماوه‌ی 14 ساڵی رابردوودا ئه‌مه یه‌كه‌م سه‌ردانه كه سه‌رۆكی ئیسرائیل بۆ توركیا ئه‌نجام بدات.
له هه‌مان مانگدا به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا به‌شداریی له پێشانگای ئێكسپۆ 2020 كرد له دوبه‌ی و چاوی به ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی ئیمارات كه‌وت.
له مانگی شوبات/ فێبرایه‌ر، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ردانی وڵاتی ئیماراتی كرد، دوای ئه‌وه‌ی له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو شازاده‌ی جێنشینی ئه‌بوزه‌بی سه‌ردانێكی بۆ وڵاته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌نجامدا.
له ماوه‌ی وه‌رزی زستانی رابردووش‌دا چه‌ندین جار شاندی بازرگانی و وه‌به‌رهێنانی ئێرانی و ئیماراتی سه‌ردانی وڵاتی یه‌كتریان كرد.
له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌و سه‌ردان و چالاكییه دیپلۆماسیانه ئاماژه‌ن بۆ هێوربوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه و په‌نابردن بۆ رێگه‌ی دیپلۆماسی، به‌ڵام به‌گوته‌ی ستیڤن كۆك، كه له راپۆرته‌كه‌ی گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌دا شرۆڤه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ی كردووه، "ئه‌مه مانای وانییه كه هیچ خواستێك بۆ كردنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ و ده‌ستپێكردنی سه‌رده‌مێكی نوێ له ئاشتی و خۆشه‌ویستی و لێكتێگه‌یشتن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بێت".
نووسه‌ری راپۆرته‌كه له‌و باوه‌ڕه‌دایه، "ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی ئه‌و ژینگه نوێیه به‌ڕێوه‌ده‌بات، كه رووبه‌ڕووی ناوچه‌كه بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه هه‌موو لایه‌ك له بری جه‌نگی به وه‌كاله‌ت هه‌وڵ بۆ خوڵقاندنی وه‌به‌رهێنان و هاوكاری ئابووری ده‌ده‌ن".
كوك نووسیویه‌تی: "ئه‌نقه‌ره به‌شی گه‌وره‌ی پرۆسه‌ی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌ركه‌وتووه، ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ك كارێكی لۆژیكییه".
چۆن؟
نووسه‌ره‌كه ده‌ڵێت: "خراپی ئیداره‌دانی ئابووریی ئه‌ردۆغان هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی داته‌پینی لیره‌ی توركییه، كه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌رده‌وامه و له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئاستی هه‌ڵئاوسان له توركیا بۆ 70%، سه‌رۆكی توركیا به‌ڵێنیدا ئابووری وڵاته‌كه‌ی ببووژێنێته‌وه، بۆ ده‌رچوون له‌و كاره‌ساته‌ی خۆی خوڵقاندوویه‌تی، بۆیه ئه‌ردۆغان ده‌ستبه‌رداری گوتاری دوژمنكارانه به‌رامبه‌ر به ئیماراتییه‌كان بوو و دادگاییكردنی تاوانبارانی كه‌یسی كوشتنی جه‌مال خاشقچیی گواسته‌وه بۆ سعوودیه، به‌مه‌ش كۆتایی به هه‌ر ئه‌گه‌رێكی سزادانیان له توركیا هێنا".
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌دات، "ئه‌مه كۆپیه ره‌سه‌نه‌كه‌ی جیوسیاسییه له كارنامه‌ی نوێی توركیا، به‌و هیوایه‌ی ده‌ستی به به‌شێك له وه‌به‌رهێنانه‌كان له سندووقی سامانه گه‌وره‌كه‌ی سه‌روه‌ریی كه‌نداو و گرێبه‌ستی بازرگانی و توانای نه‌ختینه‌یی و له‌وانه‌شه فرۆشی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان بگات".
رۆڵی واشنتن:
پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، راپۆرته شرۆڤه‌كارییه‌كه باس له‌وه ده‌كات، "لێكنزیكبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به پاره‌وه نییه، به‌وه‌ی كه به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره له‌و باوه‌ڕه‌دان، ئه‌گه‌ر ئه‌وان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیسرائیل به‌رده‌وام بن، ئه‌وا فشاره‌كان له واشنتن له‌سه‌ریان كه‌متر ده‌بنه‌وه".
له‌وباره‌شه‌وه نووسیویه‌تی: "وا دیاره توركه‌كان باوه‌ڕیان وایه كه رێكخراوه‌كانی سه‌ر به ئیسرائیل و یه‌هودییه‌كان له ئه‌مه‌ریكا له بری ئه‌وان به‌رگرییان لێ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان پێشوازی له هاوتا ئیسرائیلییه‌كه‌ی بكات و له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بێت".
به‌ڵام به گوته‌ی راپۆرته‌كه، "لێره‌دا ژماره‌یه‌كی كه‌می به‌ڵگه‌نامه له‌به‌رده‌ستدان، كه ئه‌وه پشتڕاست بكه‌نه‌وه، ئاخۆ لایه‌نگرانی یه‌هودییه ئه‌مه‌ریكییه‌كان و ئه‌وانه‌ی سه‌ر به ئیسرائیلن له ئه‌مه‌ریكا به‌ڕاستی هاوكاری ئه‌ردۆغان ده‌ده‌ن بۆ ده‌رهێنانی توركیا له لیستی ئه‌و سزایانه‌ی ئه‌مه‌ریكا یان نا، كه به‌هۆی كڕینی سیسته‌می دژه‌مووشه‌كی ئێس- 400ی رووسی به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا سه‌پێندراون".
كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران:
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به ئاماژه‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له‌گه‌ڵ ئێرانه‌وه هه‌یه، راپۆرته‌كه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، "ئیماراتییه‌كان ئاماده‌یی خۆیان بۆ گرنگیدان به ده‌رفه‌تی وه‌به‌رهێنان له‌وێ نیشانداوه، به‌تایبه‌ت پڕۆژه‌ی وزه‌ی نوێبووه‌وه، هه‌رچه‌ند ئێران و سعوودیه نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئاسته، به‌ڵام كۆبوونه‌وه و دانوستانه‌كانیان تا ئێستاش به‌رده‌وامن، ئه‌مه‌ش هیوایه‌كی به‌و ئاراسته‌یه دروستكردووه، كه ده‌كرێت ریاز و تاران زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتنێك له نێوان خۆیان بڕه‌خسێنن".
هه‌روه‌ها هاتووه: "دوای ده‌یه‌یه‌ك له‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ناوچه‌كه یه‌كتریان به تیرۆریست ناوبرد و یه‌كتریان به سه‌رچاوه‌ی ئاژاوه و پشێوی ناوچه‌كه وه‌سف كرد و هه‌ریه‌كه‌یان په‌نجه‌ی تۆمه‌تی چه‌كداركردنی بیانییه‌كانی له دژی یه‌كتر بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی راكێشا، لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه حاڵه‌تێكه له ئاگاداركردنه‌وه بۆ ده‌ستپێكی سه‌رده‌مێكی نوێ، كه ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندیێكی زۆر جیاوازه و باوه‌ڕكردنی ئه‌سته‌مه".
وه‌ك ئاماژه‌ی پێداوه، "ئه‌و حاڵه‌ته نوێیه هه‌ندێك ئاماژه‌ی نوێی به‌ده‌سته‌وه داوه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و راستییه‌ی كه هیچ كامێكیان توانای ئه‌وه‌ی نییه به‌هێز خواستی خۆی به‌سه‌ر نه‌یاره‌كه‌یدا بسه‌پێنێت، بۆیه سه‌ركرده‌كانی ناوچه‌كه ئێستا په‌یڕه‌وی رێبازێكی جیاواز ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند پێكاندنی ئه‌و ئامانجه زۆر ئه‌سته‌مه".
له درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا كوك باسی ئه‌وه‌ی كردووه، "بۆ نموونه خه‌ریكه ئیماراتییه‌كان ده‌كه‌ونه داوی خۆشه‌ویستی ئه‌ردۆغان و "خه‌نده‌ی ده‌ستكردی سه‌ر روخساری جێنشینی سعوودیه" له یه‌كێك له وێنه‌كانی كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی توركیا بۆ ریاز، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه سعوودییه‌كانیش وه‌ك ئیماراتییه‌كان به‌ته‌واوی د‌رك به نیازه‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن".
گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه‌كه جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "لای خۆیانه‌وه ئیسرائیلییه‌كان باوه‌ڕ به توركه‌كان ناكه‌ن، چونكه باوه‌ڕیان به ئه‌ردۆغان نییه، به‌ڵام پێده‌چێت چوونه ناو یارییه‌كه‌یان قبوڵكردبێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بتوانن له "رێگه‌ی پێویستی ئه‌ردۆغان بۆ باشكردنی وێنه‌كه‌ی لای واشنتن"، شتێكیان ده‌ستبكه‌وێت".
روونیش ده‌كاته‌وه، "له هه‌مان كاتدا ئیسرائیلییه‌كان ئاماده نین له‌پێناوه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره، ده‌ستبه‌رداری په‌یوه‌ندییه ئابووری و ئه‌منییه به‌هێزه‌كانی له‌گه‌ڵ قوبرس و یۆنان ببێت، له‌كاتێكدا ئه‌و دوو وڵاته دوو نه‌یاری مێژوویی توركیان".
به‌گوته‌ی راپۆرته‌كه، "هه‌مان ئه‌و حاڵه‌ته بۆ په‌یڕه‌وی میسر به‌رامبه‌ر به هه‌وڵه شكستخواردووه‌كانی توركیا له پێداهه‌ڵدان به عه‌بدولفه‌تاح سیسیی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ش راسته".
H.B