کچێکی ئۆکرانی: هەولێرم خۆشدەوێت

K24 - هەولێر:
رێگینا ئەنگرۆڤا، کچێکی ئۆکرانیە و نزیکەی سێ ساڵە لە هەولێر دەژی، ئەو لە بواری جوانکاری ئافرەتاندا کار دەکات و لە کوردستان خولیای فۆتۆگرافەری بۆ پەیدا بووە و ئێستاش بە کامێراکەی وێنەی سروشت و دیمەنە جیاوازەکانی کوردستان دەگرێت و لە هەژمارەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویدەکاتەوە.
ئەنگرۆڤا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24، لەبارەی چۆنێتی هاتنی بۆ هەولێر گوتی: "سێ ساڵ لەمەوبەر لەرێگەی هاوڕێیەکمەوە ناوی کوردستانم بەر گوێ کەوت، من هیچم لەسەر کوردستان نەدەزانی، بەڵام لەسەر قسەی هاوڕێکەم بڕیارمدا سەردانی هەولێر بکەم، لە 17ـی تەمموز/یۆلیۆی 2019 گەیشتمە هەولێر، پاش هەفتەیەك لە مانەوە، بڕیارمدا ماوەیەکی زیاتر بمێنمەوە و دواتر بەیارمەتی هاوڕێکانم کە لێرە ناسیمن توانیم کارێک بۆخۆم بدۆزمەوە، ئێستاش نزیکەی سێ ساڵە لێرەم و هیچ گرفتێکم بۆ دروست نەبووە."

سەبارەت بە ژیانی خۆی لە هەرێمی کوردستان و خێزانەکەی لە ئۆکرانیا، ئەنگرۆڤا باسی لەوە کرد، "هەولێر هەلی ئەوەی دامێ خەڵک و کلتوری نوێ بناسم، هەولێرم خۆشدەوێت، دەمەوێت خێزانەکەشم بهێنمە ئێرە، چونکە پارێزراوترە و ئەوانیش وەک من دەتوانن ئاشنای چەندین کلتوری جیاواز بن و چاویان بە سروشت و ژینگەی کوردستان بکەوێت، بەداخەوە بەهۆی جەنگەوە ئێستا ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ لای خێزانەکەم، جەنگ هەموومانی پەرتەوازە کردووە، من نیگەرانی ئەوانم، خێزانەکەم لە شارۆچکەی "تێتیڤ"ـن."
ئەنگرۆڤا گوتیشی: "لێرە لە هەموو نەتەوەکان هاوڕێم هەیە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە هاوڕێکانم زۆر پشتگیریان کردم بە تایبەتی هاوڕێ کورد و سوورییەکان، ئەوان لە هەموو کەس باشتر لە ئێمە تێدەگەن، ئەوان لە ئازارەکانمان تێدەگەن."
رێگینا ئەنگرۆڤا، جیا لەوەی لە بواری جوانکاری ئافرەتاندا کار دەکات، لە کوردستان خولیای فۆتۆگرافەری پەیدا کردووە و بە یارمەتی هاوڕێکانی خۆی فێری وێنەگرتن کردووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "لە کوردستان خولیای فۆتۆگرافەریم بۆ دروست بوو، کەمتر لە ساڵێکە کامێرایەکم کڕیووە و دەمەوێت ئەو دیمەن و گۆشە جیاوازانەی کوردستان وێنە بگرم، کە لە ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا بەردەست نین و نابینرێن، دەمەوێت ژیانی ئێرە پیشانی دەرەوە بدەم."
چەند وێنەیەکی رێگینا ئەنگرۆڤا لە کوردستان:



