له‌ گرته‌یه‌كی ره‌ش و سپیدا زێلێنسكی په‌لاماره‌كانی رووسیا له‌ دیمه‌نه‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهاندا وێنا ده‌كات

"به‌ میوزیكێكی خه‌مناك به‌راورد له‌نێوان هێرشی نازییه‌كان بۆ سه‌ر وارشۆ له‌گه‌ڵ په‌لاماره‌كه‌ی ئێستای رووسیا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی ده‌كات"

K24- هه‌ولێر:

لە گرتەیەکی رەش و سپی و خەمناکدا سەرۆکی ئۆکرانیا گوزارشت لە وێرانکارییەکانی هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی دەکات، زیلینسکی بیری جیهان دەهێنێتەوە، دروشمی "دووبارە نابێتەوە"، کە لەدوای جەنگی دووه‌می جیهانی وڵاتان پەیمانیان لەسەر دا، رووسیا پێشێلی کردووە و دەشڵێت: ئەگەر چیدیکە رووسیا ئەو سەرباز و بارمتە و هاووڵاتیانەی وڵاتەکەی بکوژێت، کە دەکرێت ئاڵوگۆڕیان پێ بکرێت، ئەوا چیدیەکە پێویست ناکات هەنگاو بنێن، بۆ ئەوەی گفتوگۆی دیبلۆماسی بکەن.

رەش و سپی گوزارشتێکی نوێی ڤیدیۆیی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیایە، کە تێیدا گوزارشت لە هێرش و ئەو وێرانکارییانە دەکات، کە سوپای رووسیا بەسەر وڵاتەکەیدا هێناوە.

ڤیدیۆ رەش و سپیەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی جەنگی دووه‌می جیهانه بە جیهانی ئێستادا، زێلێنسکی دەڵێت: لە دوای تێپه‌ڕبوونی 80 ساڵ تێپەڕین بەسەر جەنگی دووەمی جیهاندا، بەهۆی مووشەکەکانی رووسیا، رەش و سپی باڵی بەسەر سروشتی ژیان لە وڵاتەکەیدا کێشاوە.

گرتە ڤیدیۆ نوێیه‌کەی سەرۆکی ئۆکرانیا کۆمەڵێك دیمەنی ئەرشیفی جەنگی دووەمی جیهانی و بەرگە میوزێکی خەمناکی لە خۆ گرتووە.

زێلێنسكی دەڵێت: دروشمی "دووبارە نابێتەوە" بە واتای دووبارە نەبوونەوەی جەنگێکی هاوشێوەی جەنگی دووه‌می جیهان، کە لەلایەن وڵاتانەوە پەیمانی لەسەر دراوە، رووسیا پێشێلی کردووە.

ناوبراو لەبەردەم باڵەخانەیەکی نۆ نهۆمیدا وەستاوە، کە لەلایەن دەیان سەکۆی هەڵدانی مووشەکی رووسیاوە بە ئامانج گیراوە و، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، 20 هەزار ئۆکرانی کوژراون و ئەو باڵەخانەیە نموونەی وێرانکارییەکانە کە رووسیا بە مووشەکی 250 کیلۆگرامی بەسەر ئۆکرانیایدا هێناوە، سەرسامی خۆیشی نیشان دەدات، کە وێڕای ئەوەی باڵەخانەکە دەیان مووشەکی بەرکەوتووە، هێشتا لەبەرامبەر هێزێکی ئەتۆمیدا، بە وەستاوی ماوەتەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا بەرواردکاریی لەنیوان ئەو وێرانکارییانەی نازییەکان لە جەنگی دووەمدا کردوویانە لەگەڵ وێرانکارییەکانی ئێستا لەسەر دەستی رووسیا دەکات و دەڵێت: وەك چۆن نازییەکان لە جەنگی دووەمدا بە تەواوی وارشۆیان لە پۆڵەندا خاپوور کرد، هەمان کارەسات لەسەر دەستی سووپای رووسیا بەسەر ماریۆپۆلدا هێنراوە. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: ئەوەی لە جەنگی دووەم بەسەر شارەکانی بەریتانیادا هێنرا، هەمان ئەو شتەیە کە ئێستا رووسیا بەسەر خارکیێڤ و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەیدا هێناوە.

گرتە ڤیدیۆکە نزیکەی پازدە خولەکە و لە کۆتاییدا سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: تا ئه‌و كاته‌ی لە توانامان دابێت هاووڵاتیانمان رزگار دەکەین، بەڵام ئەگەر رووسەکان چیدیکە ئەو کەسانە بکوژن کە دەتوانن وەکو دیلی شەڕ ئاڵۆگۆڕ بکرێن یان وەکو هاووڵاتییەك ئازاد بکرێن، یان وەکو کارمەندی سەربازی بریندار هاوکاری بکرێن، پێم وانییە چیتر بتوانین گفتوگۆی دیبلۆماسیمان هەبێت.

H.B