هێشتا بەشێک فەرمانبەرانی سلێمانی مووچەی مانگی 3یان وەرنەگرتووە

بەهۆی دیار نەمانی داهات لە سلێمانی گرفت بۆ دابەشکردنی مووچە دروست دەبێت
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - سلێمانی

بەهۆی نەمانی پارە لە بانكەكانی سلێمانی مووچەخۆرانی 5 وەزارەت و خانەنشینانی سلێمانی مووچەی مانگی 3 یان وەرنەگرتووە، وەزارەتی دارایی و ئابوریش خشتەی مووچەی مانگی 4 بڵاو كردەوە، بە گوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەموو بەرپرسیارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتداری یەکەمی ئەو شارە، كە بەرپرسانی یەكێتین.

پێش جەژنی رەمەزان لە سلێمانی بەهۆی نەمانی پارە لە بانکەکان مووچەی بەشێک لە فەرمانبەر و خانەنشینان نەدرا، تائێستا بەشێك لەخانەنشینان، فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رۆشنبیری و لاوان، كارەبا لە مووچەی مانگی 3یان وەرنەگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە  وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی مووچەی مانگی 4ی بڵاوكردەوە و ئەمڕۆ دووشەممە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.

خانەنشینێک کە 38 ساڵ خزمەتی کردووە و لە بەردەگای یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "چوار جار هاتوومەتە بانک، هەر دەڵێن پارە نییە، هەر جارێک دێم بە تاکسی 13 هەزار دینار خەرج دەکەم".

کێشە دارییەکانی سلێمانی و نەمانی پارە لە بانكەكان، بە گوتەی ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتداری یەکەمی ئەو شارە، كە بەرپرسانی یەكێتین، ئەو بەرپرسانەی یەكێتی  پێش 8ی تەمووز دەیانگوت باڵێکی ناو حزب لێی بەرپرسە، کە دەركراوەكانی ناو یەكێتین، بەڵام لە دوای هەشتی تەمووزەوە کێشەکان زیاتر بوون و دۆخەكە خراپتر بووە، مووچەخۆرانیش لەسایەی ئەوانە بەشێكیان جەژنیان بەبێ وەرگرتنی مووچە بەرێکرد.

زیاد رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "داهاتی ئەم سنوورە دیار نییە و نابرێتە بانک، دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی ئەم سنوورە لە داهاتی سلێمانی بدرێت، دیار نەمانی داهات هۆکارە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە دوا لە سلێمانی دوابکەوێت".

گوتیشی: "تا ئەوکاتەی داهاتی سلێمانی نەچێتەوە بانکەکان و گەنجینەی گشتی دۆخی دارایی لەم سنوورە هەر بەمشێوە دەبێت، پێویستە ئەوانەی حاکمی شارەکەن وەڵامی خەڵک بدەنەوە و پێیان بڵێن داهاتی سلێمانی چی لێدێت".

بەبیانووی نەبوونی پارەوە دابەشکردنی مووچە لە سلێمانی  دوادەکەوێت، ئەو گرفتەش تەنها لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین هەیە، سەرەڕای ئەوانەش شێوەی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان کێشەی تێدایە، تەنها لەکاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و لە رۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنج خانەنشین لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەکانیان گیانیان لەدەستداوە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار، چەندین خانەنشین برینداربوون وەك پێویست مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.