تەندروستی کەرکووک هۆشداری دەدات

لە کەرکووک رێکاری دژی تای خوێنبەربوون دەگیرێتەبەر
تیمێکی تەندروستی کەرکووک
تیمێکی تەندروستی کەرکووک

K24 - کەرکووک

دوای ئەوەی لە کەرکووک تای خوێنبەربوون بڵاوبووەوە و حاڵەتێکی مردنیش راگەیەندرا، رێکاری توند دەگیرێتەبەر و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەکەش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان.

لە کەرکووک سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقەمەكان قەدەغە كراوەو سزای سەرپێچیكاران دەدرێت، هەڵمەتی تێكدانی ئەو هۆڵ و شوێنانەش دەستیپێكردووە، كە بە شێوەی نایاسایی و لەنێو گەڕەك و كۆڵانەكاندا ئاژەڵی تێدا بەخێو دەكرێت.

فەلاح یایچلی، قایمقامی كەركووك بە وەكالەت بە کوردستان24ی راگەیاند: " دەستمان بە رووخاندنی هەموو ئەوشوێنانە كردووە، كە لە ناوشار ئاژەڵی تێدا بەخێو دەكرێت، ئەمەش وەك رێگرییەك لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون، كە نەخۆشییەكی ترسناكە و لە عێراق بەتایبەتیش لە كەركووك بڵاوبووەتەوە و حاڵەتێكی مردنیش تۆماركراوە".

تا ئێستا لە عێراق 40 كەس تووشی تای خوێنبەربوون بوونە و دووكەسیش لە كەركووك و مووسڵ گیانیان لەدەستداوە. تەندروستی كەركووك هۆشداری دەدات و داوای پابەند بوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەكان دەكات.

زیاد خەڵەف، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركووك بە کوردستان24ی گوت: "فەرمانگەی تەندروستی كەركووك سەرجەم رێوشوێنە تەندروستییەكانی گرتووەتەبەر و نەخۆشخانەی شیفاش تەرخانكراوە، بۆ تووشبوان و گومانلێكراوان، هەروەها سەرجەم پێداویستییە پزیشكییەكانیش تەرخانكراوە، پێشتر حاڵەتیمردن لە كەركووك تۆماركراوە، لەبەر ئەمەش بوو وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لەبارەی نەخۆشییەكەوە داوە، چونكە رێژەی مردن لە نەخۆشییەكەدا بەرزە".

تای خوێنەبربوون، لە رێگەى ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، 40% ئەو کەسانەی تووشی دەبن رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە. لە 3-7 رۆژدا نیشانەکانی دەردەکەون، كەسی تووشبوو تایەکی بەرزی دەبێت، لەگەڵ بوونی ئازار لە جەستەی، بەتایبەت لە پشت و مل، هەندێكجار سکچوون و رشانەوەی لەگەڵ دەبێت، لە قۆناغەکانی کۆتایشدا خوێن بەربوون دەستپێدەکات.