محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: كورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر

"ده‌یانه‌وێت جارێکی دیکەش خۆیان لەسەر کورد تاقیبکەنەوە.. هەندێك دەنگی ناساز ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەن.. ئەم وەزیرە بە زمانێکی زبر هەڕەشە لە کوردستان دەکات"
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود، سكرتێری پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان رووی قسه‌كانی له‌ ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیری نه‌وتی عێراق كرد، له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ لێدوانه‌كانی ئه‌و وه‌زیره‌، كه‌ گوتبووی "75 رۆژ نه‌رمیمان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان نواندووه‌" و له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌م جۆره‌ وه‌زیرانه‌ له‌ لایه‌نی دیكه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێن، له‌وه‌ی چی بكه‌ن و چی بڵێن".

سكرتێری حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان به‌ زمانێكی ته‌نزئامێزه‌وه‌ نووسیویه‌تی: (ئه‌م وه‌زیره‌ زۆر دڵنه‌رمی و میهره‌بانی نواندووه‌ و خێری به‌كورد كردووه‌!!) و جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئه‌م جۆره‌ قسه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی عێراق رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی پێشووی عێراقمان بیر ده‌خاته‌وه‌".

محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، "ئه‌م وه‌زیری به‌ زمانێكی زبر هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوردستان ده‌كات و هه‌مان قسه‌كانی دادگا عه‌ره‌بییه‌كه‌ی به‌غدای جوویه‌وه‌ و به‌غدا ده‌یه‌وێت جارێكی دیكه‌ش خۆی له‌سه‌ر كورد تاقی بكاته‌وه‌، كه‌چی عێراق و سه‌روه‌رییه‌كانی له‌ژێر ره‌حم و مووشه‌كی موخابه‌راتی وڵاتاندایه‌".

هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه‌، "دوای ئەو قسانەش هەندێك دەنگی ناساز بە ناوی رۆژنامەنوسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەن و وەك تابوری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق ده‌كه‌ن" و دووپاتیكرده‌وه‌، "نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێ دەکرێت، چونکە کورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، کورد دەبێت هەنگاوی تر بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای کورد و کوردستان".

پێداگیریشیكرد، "کورد دەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات و دەبێت وه‌ڵامی توندی هەر کەس و لایەنێك بداتەوە، کە باسی ئه‌و پرسه‌ دەکەن و قابیلی قسە لەسەرکردن نییە و نابێت".

گوتیشی: "هیچ لایەنێك و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نییە سازش لەسەر مافی رەوای خەڵکی کوردستان بکات، هەر هەنگاوێكیش به‌و ئاراسته‌یه‌، خیانەتە لە مێژوو لە کورد و قەوارەی سیاسی ئێستا و داهاتوو".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سكرتێری حزبی سۆشیال دیموكراتی كوردستان:

رۆژی شەممە 7/5/2022 ئیحسان عەبدولجەبار ناوێك، گوایە وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتەکەی کۆمەڵێك قسەی کرد، زۆری لە وڕاوە ئەچوو، ئەم وەزیر و گزیرانە قورمیش دەکرێن کە چی بکەن و چی بڵێن، ئەویش قسەکانی کۆنی دادگا عەرەبیەکەی بەغدادی جوویەوە، گوایە 75 رۆژ نەرمی نواندووە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرێم وەڵامی ئیجابی نەبووە، بۆیە ئەویش بڕیاری داوە، بڕیارەکانی دادگا جێ بەجێ بکات.

من بەم وەزیرە دەڵێم: زۆر دڵنەرمی و میهرەبانی نواندووە و خێری بە کورد کردووە، لە راستیدا ئەو جۆرە قسە و هەڵسوکەوتەی عێراق، رژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراقمان بیر دەخاتەوە، بە تایبەتی رژێمی سەدام حوسێن و حزبی بەعس، بەڵام لە رژێمێکی لاواز رەنگە ئەم وەزیرە لە ژوورەکەی خۆشیدا نەتوانێ بڕیارەکانی جێبەجێ بکات.

ئەم وەزیرە بە زمانێکی زبر هەڕەشە لە کوردستان دەکات، لە کاتێکدا عێراق و سەروەریەکانی لە ژێر پۆستاڵ و موشەك و رەحمی موخابەراتی وڵاتاندایە، تەنانەت حزب و کەسایەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گێچەڵیان پێ دەکرێت، ئەوایش دەیەوێت جارێکی کەش خۆیان لەسەر کورد تاقی بکەنەوە، دوای ئەو قسانەش هەندێك دەنگی ناساز بە ناوی رۆژنامەنوسەوە ئاو بە ئاشی دوژمندا دەکەن و وەك تابوری پێنج باسی گەڕانەوە بۆ عێراق و هەموو شتەکان بگەڕێتەوە بۆ عێراق ده‌كه‌ن، ئەو گێلە پیاوانە هەمیشە چاویان لە ئێسقانە، بە چ حەقێك ئەو قسە حەلەق و مەلەقانە دەکەن، ئەوانە رەنگە بە هەوێ کورد بن، بۆیە نە دادگا دادگایە و نە بڕیاریش جێبەجێ دەکرێت، چونکە کورد ناگەڕێتەوە چوارچێوەی سفر، کورد ئەبێت هەنگاوی تر بنێت بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای کورد و کوردستان.

بۆیە کورد ئەبێت لەسەر نەوت و غازی هەرێم بەردەوام بێت، نابێت پاشەکشە بکات و دەبێت وه‌ڵامی توندی هەر کەس و لایەنێك بداتەوە، کە باسی ئه‌و پرسه‌ دەکەن و قابیلی قسە لەسەرکردن نییە و نابێت، چونکە دەستوری عێراق مافی بە کورد داوە و دادگا و هەر کەسێکی دیکە ناتوانێت هیچ بڕیارێک لەو بابەتە بدات، بۆیە حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرڵەمان و دادگا دەبێت هەڵوێستی روون و ئاشکرایان هەبێت لەسەر ئەو جموجۆڵەی بەغداد لەسەر کوردستان هەیە.

بەغدا بۆ ئەنجومەنی فیدڕاڵی یان پارێزگاکان دانامەزرێنێ بۆ ئەوه‌ی هەموو ئه‌و تاوانانەی له‌ دژی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان دەکەن رابگرن، بۆیە کورد و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرگری لە قەوارەی سیاسی هەرێم بکەن، چونکە قسەکانی ئەو وەزیرە هەڕەشەی شەڕ بۆ سەر کوردستان دەکات، با ئەوانیش خۆیان تاقی بکەنەوە وەك حکومەتەکانی پێش خۆیان، دڵنیام چارەنووسیان لەوان باشتر نابێت.

ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا لەبیریان چووە کە ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانیان و هێزی پێشمەرگە عێراقیان روخاند، نەك ئەوانەی ئێستا حاکمن لە بەغدا، زۆریان سەربازی فیرار بوون لە دەرەوەی وڵات و بە رادیۆ هەواڵی کوردستان و عێراقیان پێ دەگەیشت، بۆیە ئێمە هەموو ئەوانە رەد دەکەینەوە و هەر لایەنێك و لایەنی پەیوەندیدار بۆی نییە سازش لەسەر مافی رەوای خەڵکی کوردستان بکات، هەر هەنگاوێك خیانەتە لە مێژوو لە کورد و قەوارەی سیاسی ئێستا و داهاتوو.

محەمە حاجی مەحمود

8/5/2022

گوڵەخانە