هێرش دەکرێتە سەر باڵیۆزی رووسیا لە پۆڵەندا

"هێرشکردنە سەر باڵوێزی ڕووسیا جارێکی دیکە ڕووە خوێناوییەکەی نیۆ نازییەکان پیشان دەدات"
سێرگی ئەندرییڤ، باڵیۆزی رووسیا لە پۆڵەندا
سێرگی ئەندرییڤ، باڵیۆزی رووسیا لە پۆڵەندا

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ 9ـی ئایاری 2022، له‌ یادی رۆژی سەرکەوتندا (یادی شكستپێهێنانی ئه‌ڵمانیای نازی)، لایەنگرانی ئۆکرانیا بە بۆیەی سوور هێرش دەکەنە سەر سێرگی ئەندرییڤ، باڵیۆزی رووسیا لە پۆڵەندا.

حکومەتی پۆڵەندا رووداوەکەی بە "جێگای داخە" وەسف کرد، بە گوێرەی سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا، لەلایەن حکومەتی پۆڵەندیەوە داوا لە باڵیۆزی رووسیا کراوە لە وارشۆ بەشداری لە رۆژی سەرکەوتنیدا نەکات.

گرتە ڤیدیۆی رووداوەکە بە زوویی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بینەرێکی زۆری هەبووە و کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ پۆڵەندای تۆمەتبار کرد بەوەی لە پاراستنی باڵیۆزی رووسیادا سەرکەوتوو نەبوون، هەروەها ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "هێرشکردنە سەر باڵوێزی ڕووسیا لە وارشۆو جارێکی دیکە ڕووە خوێناوییەکەی نیۆ نازییەکان پیشان دەدات."