روونکردنەوەیەک سەبارەت بە نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان

بۆچی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جیاوازی لەنێوان نرخەکاندا هەبووە؟
موەلیدە ئەهلیەکان
موەلیدە ئەهلیەکان

K24 - هەولێر:

لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە جیاوازی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان لەگەڵ شارەکانی سلێمانی و دهۆکدا روونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەکەی لیژنەی موەلیدە ئەهلیەکانی پارێزگای هەولێردا هاتووە، "لەمانگى ڕابردوودا لەشارى سلێمانی (21) بیست و یەک کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەبووە و موەلیدەکان (90) کاتژمێر کارەبایان داوە، بۆیە نرخی یەک ئەمپێر کارەبا بەبڕى (5000) پێنج هەزار دینار دیاریکراوە.

سەبارەت بە نرخی ئەمپێری کارەبا لە شارى دهۆک، ئاماژە بەوە دراوە، لە دهۆک رۆژانە (17.5) حەڤدە کاتژمێر و نیو تاوەکو (18) هەژدە کاتژمێر کارەباى نیشتیمانى هەبووە و موەلیدەکان (195) سەد و نەوەت و پێنج کاتژمێر کارەبایان داوە، بۆیە نرخی یەک ئەمپێر (11,250) یانزە هەزار و دووسەد و پەنجا دینار دیاریکراوە.

لیژنەکە ئاماژەیان بەوەشدا، لە شارى هەولێر کارەبای نیشتمانی (15.5) پازدە کاتژمێر و نیو تاوەکو (16) شازدە کاتژمێر کارەباى نیشتیمانى هەبووە و موەلیدەکان بە تێکرای (245) دووسەد و چل و پێنج کاتژمێر کارەبایان داوە، بۆیە نرخی یەک ئەمپێر لە نێوان (10,000) دە هەزار دینار بۆ (12,750) دوازدە هەزار و حەفت سەد و پەنجا دینار دیاریکراوە، ئەوە جگە لەو گەڕەکانەی کە لەسەر داوای خۆیان هەر کات کارەبای نیشتمانی بڕابێت، موولیدەکانى گەڕەک کارەبای پێ داون، لای ئەوان موەلیدەکان (275) دوو سەد و حەفتاو پێنج کاتژمێر کارەبایان داوە و نرخی یەک ئەمپێریش (13,750) سێزدە هەزار و حەفت سەد و پەنجا دینار دیاریکراوە.

لیژنەی موەلیدە ئەهلیەکانی پارێزگای هەولێر راشیگەیاند، بۆ سەرجەم هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان ڕوونى دەکەینەوە ئەوەى بۆتە هۆکارى جیاوازی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەهلیەکان لە نێوان شارەکانى هەرێمى کوردستان، تەنها جیاوازى کەم پێدانى کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی بووە لە شارى هەولێر، جگە لەوە هیچ هۆکارێکى دیکە نییە بۆ جیاوازى نرخى ئەمپێرى کارەبا لە نێوان هیچ یەکێک لەشارەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان بەگشتیى.