وەزیری تەندروستی: دەرمان بە یەکسانی بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت

"دەرمان لە بەغداوە راستەوخۆ بەسەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت"
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە، لە دابەشکردنی دەرمان جیاوازی لەنێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک هەبێت، بەڵکو دەرمان بە سیستەم و لە رێگەی کۆگایەک لە بەغداوە بەسەر هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.

ئەمجارەیان بەرپرسانی سلێمانی بەشێوازێکی تر حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن، بەوەی گوایە  ناھێڵێت بەغدا دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بنێرێت، ئەگینا بەغدا دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ سلێمانی دەنێرێت.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەرمان و پێداویستی پزیشکی مافی ھەرێمە و دەبێت بەغدا پابەندبێت، بەڵام تائێستا وەک پێویست ئەو بڕە نە گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان".

وەزیری تەندروستی ئاشکرای دەکات، ئەوانەی رای گشتی بەلاڕێدا دەبەن، دیارە ئاگاداری شێواز و سیستمی دابەشکردنی دەرمان نیین لە عێراق، چونکە دەزگای دەرمانی عێراق راستەوخۆ دەرمان بۆ کۆگای پارێزگاکان دەنێرێت، دەرمان نەدێتە وەزارەت نە وەزارتی تەندروستیش بەرپرسە لە دابەشکردننی دەرمان، تەنھا پارێزگاکان خۆیان بەرپرسن لەو دەرمانەی کە بە دەستیان دەگات.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ئەوانەی باسی دەرمان دەکەن وا تێدەگەن دەرمان دێتە هەولێر و جارێکی دیکە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت، کەچی ئەو بڕە دەرمانەی دەدرێت بە پارێزگاکان بە نووسراویش لە بەغداوە نایەتە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، کۆگایەک هەیە لە بەغدا راستەوخۆ دەرمان بۆ هەموو کۆگاکانی تەندروستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەنێرێت".

گوتیشی: "هێنانی دەرمان هەوڵ و ماندوبوونی ناوێت، چونکە رۆژانە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەکرێت، بۆ ئەمەش هەماهەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق هەیە و هیچ ناعەدالەتییەک لە دابەشکردنی دەرمان نییە، لەبەر ئەوەی بەگوێرەی سیستەم دابەش دەکرێت، نەک بە میزاج".

تۆمەتبارکردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ هاوکاریکردنی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت پێداویستییە پزیشکییەکانی دەرمان و فریاگوزاری خێرا کردویەتی، بەپێی سیستەمی دابەشکردنی دەرمان لە عێراق دەزگای کیمادا کە سەر بە وەزارتی تەندروستی عێراقە بەپێی پشکی پارێزگاکان دەرمان رەوانەی پارێزگاکان دەکات و ناگەڕێتەوە کۆگای وەزارتی تەندروستی ھەرێم، راستەوخۆ لە کۆگاکانی پارێزگاکانەوە ئەو دەرمانە دابەش دەکرێت بەسەر نەخۆشخانەکان .