كۆنسوڵی رووسیا ستایشی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

سه‌ردانه‌ مێژووییه‌كه‌ی ساڵی 2013ی سه‌رۆك بارزانی بۆ مۆسكۆ به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌
ئۆلیگ لێڤین، كۆنسوڵی گشتیی رووسیا له‌ هه‌ولێر
ئۆلیگ لێڤین، كۆنسوڵی گشتیی رووسیا له‌ هه‌ولێر

K24- هه‌ولێر:

كۆنسوڵی رووسیا له‌ هه‌ولێر له‌ په‌یامێكدا كه‌ ئاراسته‌ی دیپلۆماتكارانی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد و رووسیای كرد، ستایشی رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ دۆستایه‌تییه‌كانی نێوان گه‌لی كورد و رووسیا ده‌كات و ئه‌و سه‌دانه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ شوباتی ساڵی 2013 بۆ مۆسكۆ ئه‌نجامیدا.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئۆلیگ لێڤین، كۆنسوڵی گشتیی رووسیا له‌ هه‌ولێر دووپاتیكرده‌وه‌، "رۆژی 9ی مانگی 5 لە رووسیای فیدراڵ رۆژێکی پیرۆز و پڕشکۆیه‌ و یادی هەموو ئەو کەسانەیه‌ كه‌ گیانی خۆیان لە پێناو نیشتمان بەخت کردووە، کە لە بەرەی شەڕ بۆ ئازادیی نەوەکانی ئاییندە زەحمەتیان کێشا".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئەمساڵ 15 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆنسوڵخانەی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، کۆنسوڵخانەی ئێمە یەکەم نوێنەرایەتیی کۆنسوڵی وڵاتێکی بیانی لە هەولێر و دووەم لە هەرێمی کوردستان بوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پەیوەندیی رووسیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەڕاستی پەیوەندییەکی دۆستانەیه‌ و ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ لەگەڵ سەرۆکایەتیی کوردستانی عێراق به‌ سه‌ركه‌وتوویی له‌ به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامدان".

باسی ئه‌وه‌شی كرد، "مانگی 2ی ساڵی 2013 یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەردانی مۆسکۆی کرد. مانگی 5ی ساڵی 2017 دیداری سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن لەگەڵ سەرۆکی ئه‌وكاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە شاری سان پێتێرزبورگ بەڕێوە چوو، و چوار ساڵ لەمەوبەر رۆژی 9ی مانگی 5ی ساڵی 2018، نێچیرڤان بارزانی لەمەیدانی سوور لە رێورەسمی رۆژی سەرکەوتن بەشدار بوو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "مانگی 10ی ساڵی 2019 لە چوارچێوەی سه‌ردانی بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆف سەردانی هەولێری کرد. مانگی 2ی 2020 دیداری لاڤرۆف لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ بەڕێوە چوو".

هه‌روه‌ها گوتی: "نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئێمە، ڤلادیمێر پوتن زوو زوو سەردانی هەولێر دەکات و چاوی بە سەرۆکایەتی کوردستانی عێراق دەکەوێت. گفتوگۆی سیاسی لەسەر کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەرەوپێش دەچن".

سه‌باره‌ت به‌ كۆمپانیاكانی وڵاته‌كه‌شی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن، كۆنسوڵی رووسیا له‌ هه‌ولێڕ دووپاتیكرده‌وه‌، "لە کوردستانی عێراق کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری نەوت  Gazprom neft،rosneft middle east.co و کۆمپانیایەکی هاوبەش بۆ گواستنەوەی نەوت "Kurdistan pipeline co." له‌گه‌ڵ Rosneft  پرۆژەکانی خۆیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك ئەنجام دەدەن. دەبێ ئاماژە بکەم بە ئاستی بەرزی هاوکاری لە بواری نەوت لە بەرژەوەندیی هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەم کۆمپانیاکانی رووسی. جێی ئاماژەیە، هەشت ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 2014 لەکاتی چالاکی تێکدەرانەی داعش لە عێراق، تەنانەت ئەو کاتەی تیرۆریستان 30 کیلۆمەتر لە شاری هەولێرەوە دووربوون کۆمپانیای Gazprom neft  لەسەر كاری خۆی بەردەوام بوو، کە زۆربەی کۆمپانیاکان کوردستانیان بە جێ هێشت".

تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رووسیا له‌بواری خوێندن و زانستیش، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "پەیوەندی لە بواری خوێندن چالاکانە بەرەوپێش دەچێ. هەرساڵ بۆ هەرێمی کوردستان 35 زەمالەی بێبەرامبەر لە زانکۆکانی رووسی لەسەر خەرجی حکومەتی رووسیا تەرخان دەکرێن. سەرباری ئەوە، لەسەر خەرجی کۆمپانیاکە خوێندن لەبواری نەوت لەزانکۆکانی رووسی پێشکەش به‌ کارمەندە کوردەکانی کۆمپانیای Gazprom neft دەکرێت".

هه‌روه‌ها رۆڵی نوێنه‌رایه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌هێزكردن و به‌رده‌وامیدان به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ خسته‌ڕوو و گوتی: "کۆنسوڵخانەی ئێمە رۆڵێکی گرنگ لە پتەوکرنی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان دەگێڕێت. ئەمڕۆ لە کۆنسوڵخانە شەش کەس خزمەت دەکەن. هەموو جۆره‌ خزمەتگوزاریەکی کۆنسولییان پێشکەش دەکرێت، یارمەتی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی رووس دەدەن، كه‌ لە هەرێم نیشتەجێن، بەشدار دەبن لە پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەموولایەنە و بەسوود بۆ هەموو لایەك لە هەموو بوارێ و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی کولتوری و مرۆڤایەتی لەنێوان گەلانی ئێمە. لە کاتی کۆرۆنا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان مخابن خاوبوونەوە بەڵام لەبەهاری ئەمساڵ بارودۆخەکە باشتربووە. ئەمڕۆ دەرفەتێکی نوێ بۆ ئێمە رەخساوە و ئێمە رژدین لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە و لەبەرژەوەندیی رووسیا و هەرێمی کوردستانی عێراق و گەل و وڵاتانی ئێمە پەرە بەپەیوەندییەکان بدەین".

H.B