ئه‌مه‌ریكا: له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان بكه‌ینه‌ هه‌رێمی خۆشگوزه‌رانی

"ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا شانازی دەکات هاوکار بێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان"

K24- هه‌ولێر:

رۆبێرت پالادینۆ کۆنسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەنجان داینەمۆ و بزوێنەری گەشەسەندنی ئابووریین و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەین، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بکەینە هەرێمی خۆشگوزەرانی.

کونسوڵی گشتی ئەمه‌ریکا دەڵێ: لە هاوکارییەکانمان بۆ گەنجانی کورد ئەوانەی خاوەنی بیرۆکەی بازرگان یان ئەوانەشی بزنسیان هەیە و دەیانەوێت فراوانی بکەن بەردەوام دەبین.

له‌ درێژه‌ی گوته‌كانیدا، پاڵادینۆ گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا شانازی دەکات هاوکار بێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی هەلی کار بۆ گەنجانی کورد، چونکە باوەڕی تەواومان هەیە، کە کەرتی تایبەت داینەمۆ و بزوێنەری گەشەسەندنی ئابوورییه‌ لە هەر وڵاتێك".

هه‌روه‌ها گوتی: "سوپاس بۆ هاوکارییەکانی (یو ئێس ئەید)، بۆ رێکخستنی ئەم پرۆگرامە، کە زیاتر لە 140 خاوەنکاری گەنج لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا بەشدارییان تێدا کردووە و بزنسی خۆیان دەستپێکردووە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "گەنجانی رۆڵێکی کاریگەریان هەیە لە بواری بزنس لە هەرێمی کوردستان و عێراق. سوپاسگوزاری ئەو هەماهەنگیەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیەکانمان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بکەینە هەرێمی خۆشگوزەران".

H.B