پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو چوار ژنەی راگەیاند کە بە زۆر پارەیان لە گەنجێك سەندبوو

دانیان به‌ تاوانه‌كه‌یاندا ناوه‌ و بەبڕیاری دادوەر راگیراون
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو 4 تۆمه‌تباری راگەیاند
پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی ئەو 4 تۆمه‌تباری راگەیاند

K24- سلێمانی:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیركردنی ئه‌و 4 ژنه‌ی راگه‌یاند، كه‌ هه‌ڵیانكوتاببوه‌ سه‌ر گه‌نجێك و به‌زۆر پاره‌یان لێ سه‌ندبوو.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیسی پارێزگای سلێمانیدا هاتووه‌، "مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە هەڵیانكوتابووە سەر هاووڵاتییەك و پارەیان لێسەندبوو" .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای لە پۆلیسی سلێمانی تۆماركرد، به‌وه‌ی چوار ژن هەڵیانكوتاوەتە سەری و بەزۆر پارەیان لێسەندووە، سەرجەم بەش و بنكەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی راسپێردران، بۆ ئه‌وه‌ی بەدواداچوونی بەپەلە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران" .

روونیشیكرده‌وه‌، "له‌كۆتاییدا توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر سەرجەم تۆمەتباره‌كان، كە له‌ چوار ژن پێكهاتوون، دەستگیربكرێن و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە".

ئێستا هه‌ریه‌ك له‌ تۆمەتباران :

"ش، أ، ف" لەدایكبووی 1998

"ه، ز، ب" لەدایكبووی 2000

"ز، ح، ت" لەدایكبووی 1999

"ك، ح، ت" لەدایكبووی 1991

بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .

H.B