ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژە یاسایه‌كی په‌سند كرد

ھە‌ڵمە‌تێك بۆ بە‌رگرتن بە‌ توندوتیژی دژی ئافرەتان ئە‌نجام دە‌درێت
6876876876
6876876876

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە 11ی ئایاری 2022 بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆک وەزیران، کۆبووەوە.

لەبڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسی پڕۆژە یاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای لە هەرێمی کوردستان خستە دەنگدانەوە، پاش هەموارکردن و جێگیرکردنی ئەو تێبینییانەی کە پێشتر لەسەر پڕۆژەکە هەبوون، بەکۆی دەنگ پەسەند کرا و بڕیاردرا رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە وخوێندن لە رێگای دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانیان دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی، لە رێگەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر رێکخستنەوەی ئەنجوومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و ئەرکەکانی کرد، لە دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە باشتر دیراسەی ئەم بابەتە بکرێت و بە میکانیزم وشێوازێک ئەم ئەنجومەنە رێکبخرێتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنەکە بێت.

سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، لە ناویشیاندا بابەتی نەوت وگاز لە سەر بنەمای دەستووری عێراق، کە بە دەقی روون وئاشکرا، سنووری دەسەڵاتی هەرێم و دەسەڵاتە فیدڕاڵييەکانی دەستنیشانکردووە و بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشە،  پشتبەست بە دەستوور، یاسای نەوت و گاز تەشریع بکات کە ببێتە یاسایەکی پشتپێبەستوو لە لایەن هەمووانەوە کە تا ئێستا ئەم یاسایە نیيە و بابەتی نەوت وگاز لە عێراق، بە یاسایەکی پشتبەستوو بە دەستوور رێکنەخراوە، سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە کە هەم شاندی وەزاریی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە و هەم ئاڵوگۆڕیی پێشنیار وپڕۆپۆزەڵیش بە نووسراوی فەرمی کراوە بە ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتن ولێکگەیشتنی هاوبەش لە سەر بنەمای دەستوور.

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران
كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران

لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، باس لە بایەخی رێکخستنی یاسایی بۆ وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان کرا لە ڕێگەی گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسایەک بۆ ئەم بابەتە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دوای پەسەندکردنی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی بە ئاراستەی هاندان و مسۆگەرکردنی باشترین وەبەرهێنان بۆ سامانی کانزایی لە هەرێم بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە داهاتەکەی بخرێتەوە خزمەتی گشتی وبرەودان  بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دارایی و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتيیەی هەیە. بڕیاردرا لایەنە پەیوەندارەکان تاووتوێی بابەتەکە بکەن  چ بە هەماهەنگیی لەگەل حکومەتی فیدرالی و چ بە جیا، بە پێی بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی هەرێم لەو رێکارانە بەردەوام بن کە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و  ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەڵکشاندایە،  پێویستە كار لە‌سە‌ر نە‌ھێشتنی ئە‌و بیرو فیكرە توندڕە‌وە بكرێت و بۆ ئە‌و مە‌بە‌ستە‌ش،‌ هەڵمەتێک ئەنجامبدرێت لە‌پێناوی بنبڕ کردنی.

هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دەستگیر دەکەن و راپێچی یاسایان دە‌كە‌ن. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە ئەنجام بدات بەمەبەستی رێکخستنی و دە‌ستپێكردنی ئەو هەڵمەتە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکە و بەمەبەستی رێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکومیی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عیراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێم و رێکخستنەوەی سەرجەم بانکەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یەک بانکی نیشتیمانیی پێشکەوتوو و هاوچەرخ کە ئاسانکاریی بانکیی پێویست بۆ هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات.